لە شنگال 23 چەکداری یەبەشە لەلایەن سوپای عێراق دەستگیرکران

بە جلوبەرگی مەدەنییەوە خۆپیشاندانیان لەدژی سوپای عێراق کردووە
دەستگیرکراوەکان ئەوانەن، کە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە لەدژی سوپا خۆپیشاندانیان کردووە، وێنە: ئەرشیڤ
دەستگیرکراوەکان ئەوانەن، کە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە لەدژی سوپا خۆپیشاندانیان کردووە، وێنە: ئەرشیڤ

K24 - هەولێر

دۆخی شنگال ئێوارەی دوێنێ، بەهۆی چەکدارانی پەکەکە زیاتر ئاڵۆز بوو، چونکە ژمارەیەکیان "بە جلوبەرگی مەدەنییەوە" هێرشیان کردووەتە سەر سوپای عێراق، سوپاش 23 کەسیانی دەستگیرکرد و رەتیکردەوە ئازادیان بکات، تاوەکو لە شنگال دەرنەچن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئێوارەی دوێنێ (شەممە، 26-12-2020) سوپای عێراق 23 چەکداری سەر بە یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)ـی دەستگیرکرد و دەستی بەسەر دوو بارەگاشیاندا گرتووە".

سەرچاوەکە جەختی کردەوە لەوەی: هێزە ئەمنییە عێراقییەکان دەستیان بە هەڵمەتێکی دەستگیرکردن کردووە لەدژی هەموو ئەو کەسانەی دژایەتی یاسا دەکەن، زۆربەشیان ئەوانەن کە لەدژی سوپا بە جلوبەرگی مەدەنی خۆپیشاندانیان کردووە.

هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزییەکان

سەرەتا لە شەقامە سەرەکییەکانی شنگال، لایەنگرانی پەکەکە و ژمارەی چەکداری سەر بە یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) وەکو ناڕەزایەتی چادریان هەڵکردووە، بەڵام هەموویان لەلایەن سوپاوە لادراون.

دواتر ژمارەیەک چەکداری پەکەکە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە خۆپیشاندانیان کردووە، بە بەرد هێرشیان کردووەتە سەر سوپای عێراق، بەو هۆیەوە 23 کەسیان دەستگیرکران و هەمان شەو، سوپای عێراق هێزی زیاتری رەوانەی شنگال کرد.

"تاوەکو لە شنگال دەرنەچن؛ دەستگیرکراوەکانیان ئازاد ناکرێن"

سەرچاوەکەی کوردستان24 جەختدەکاتەوە لەوەی: فەرماندەی هێزەکانی پەکەکە لە شنگال، دانوستانی لەگەڵ هەردوو فەرماندەی فرقەی 20 و لیوای فیرقەی 15ـی سوپای عێراق کردووە بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە ئازادیان بکەن، تاوەکو لە شنگال دەرنەچن.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی سەرچاوەکەی کوردستان24، دوێنێ شەڕ لەنێوان یەبەشە و هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکە روویداوە.

رێککەوتنی شنگال

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، رێککەوتنێکیان واژۆکردووە بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاسایش، سه‌قامگیری و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال، بەجۆرێک‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما ده‌ستووری و یاساییه‌كان بگونجێت و لە 10ـی ئۆکتۆبەر رەشنووسی رێککەوتنەکە بڵاوکرایەوە.

هێزی چەکدار و پەکەکە لە شنگال، رێگربوون لەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رووبکەنە ناوچەکە و ئاوەدانی بکەنەوە، هەر لەبەر ئەوە لە ساڵی 2014ـەوە لەکاتی داگیرکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە هەتاوەکو ئێستا، 80٪ـی خەڵکی شنگال لەنێو کەمپەکانی ئاوارەییدا دەژین.

بەپێی رێککەوتنی شنگال، دەبێت سەرجەم هێزە چەکدارە بیانییەکان لە شنگال دەربچن و تەنیا پۆلیسی فیدراڵی لەنێو شنگال و سوپاش لە دەوروبەری بمێننەوە.

 

هـ.ر.