وەزارەتی دارایی عێراق: دابەزاندنی بەھای دینار تەنیا بە بڕیاری حكومەت نەبوو

"سندووقی نەختینەی نێودەڵەتی و بانکی جیهانی داوایان لە عێراق کردووە"
دۆلار و دیناری عێراقی
دۆلار و دیناری عێراقی

K24 – ھەولێر

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، سندووقی نەختینەی نێودەڵەتی و بانکی جیهانی داوایان لە عێراق کردووە بەھای دینار دابەزێنێ و لایەنە سیاسییەكانیش ئاگاداری ئەم ھەوڵە بوون.

ماجدە تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، سندووقی نەختینەی نێودەڵەتی و بانکی جیهانی داوایان لە عێراق کردووە، بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی دابەزێنێت، واتە ئەو بڕیارە تەنیا بڕیاری حکومەتی عێراق نەبووە، لە هەمانکاتدا سەرجەم پێکهاتە سیاسییەکانیش ئاگاداری  ئەو هەوڵەی حکومەتن.

تەمیمی ئاماژەی بەوەداوە، لە کۆبوونەوەی پێشووی هەیسەم جبووری سەرۆکی لیژنەی دارایی و موسەنا سامر جێگری سەرۆلی لیژنە لە لایەک و لە لایەکی دیکەش بانکی جیهانی، روونکراوەتەوە کە داشکاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار چارەسەرێکی چاکسازی داراییە کە عێراق دەیگرێتە بەر، بۆیە رێوشوێنەکان پێویستیان بە کاتێکی درێژە چونکە چارەسەری کاتی نین تەنیا لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 جێگەیان کرابێتەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی راشیگەیاند، گۆڕانکاری لە بۆچوونەکان کراوە و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە داشکاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ئاگادارکراونەتەوە.

لە رۆژی 20/12/2020 بانكی ناوەندی عێراق بە فەرمی بەھای دیناری بەرامبەر بە دۆلار جێگیر كرد، لەمەودوا بەمشێوەیە مامەڵەی پێوە دەكرێت:.

بەھای یەك دۆلار لە وەزارەتی دارایی بە 1450 دینار و فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان لەڕێگەی زیادکردنی فەرمی بە 1460، ھەروەھا بەھای یەك دۆلاری ئەمەریكی فرۆشتنی لەلایەن بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان بە هاووڵاتییان بە 1470 دیناری عێراقی دەبێت.