40 رۆژە پایتەخت بێ فرسەت سۆفییە

فرمێسک لە چاوەکانی دایکی وشک نەبووە و، بەهۆی گریان ناتوانێت باسی مردنی کوڕەکەی بکات
دایکی فرسەت سۆفی بەهۆی گریان ناتوانێت قسە بکات
دایکی فرسەت سۆفی بەهۆی گریان ناتوانێت قسە بکات

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ 40 رۆژ بەسەر کۆچی دوایی فرسەت سۆفی تێدەپەڕێت. لەدوای کۆچی دواییشی بۆ یەكەمین جار دەرگای ژوورەكانی لە ماڵەكەی خۆی، بۆ تیمی كورردستان 24 دەكرێتەوە.

ماوەی 40 رۆژە نووسینگەکەی لە پارێزگای هەولێر نەکراوەتەوە، بەڵام دەرگا بۆ تیمەکەی کوردستان24 دەکەنەوە و لەگەڵ سكرتێری رۆژنامەوانی فرسەت سۆفی دەچنە ژوورەکەی.

بەختیار كەریم، سكرتێری رۆژنامەوانیی نووسینگەی فرسەت سۆفی دوایین چركەكانی ئەو رۆژەی لەیادە، كە پارێزگاری کۆچکردوو ئەوکاتە پێشوازی لە میوانەكانی كردووە، باسی دەكات ھەر لەم ژوورەدا پشكنینی كۆرۆنای بۆ كراوە و، بەدەم تا و لەرزەوە بردوویانە، بەڵام وەك باسی دەكات؛ لە رێگاش ھەر خەمی كارەكانی بووە و بەدواداچوونی كردووە كە كارەكان نەوەستن.

گریان، رێگەنادات بەختیار زۆر قسە بکات، بەڵام باسی دڵسۆزیی فرسەت سۆفی بۆ کارەکەی دەکات و دەڵێ "کە دەیگوت ئەو ئیشە بکە، لەوانەیە 5 جار بۆ 6 جار تاوەکو 10 جار دووبارەی دەکردەوە تاوەکو جێبەجێ بکرێت، جارێک خەڵات بەسەر قوتابییانی یەکەم دابەشکرا، سودفە هەڵەیەک هەبوو، خەڵاتەکان بە هەڵە دابەشکران، ئەوانەی کچان درابوونە کوڕەکان و بەپێچەوانەشەوە، زۆر لە خەمی ئەوەدابوو و گوتی یەکسەر چاکی بکەن، ئەوەبوو پێش تەواوبوونی مەراسیمەکە هەڵەکە چاککرا".

میوانەكان لە ماوەی ئەو 40 رۆژەدا لەدەوری دایە فاتیمەی دایکی فرسەت سۆفین. فرمێسک لە چاوەکانی وشک نابێت و بە دەم قسەكەی كە "ھێشتا مردن زوو بوو بۆ كوڕەكەم" فرمێسكەكانی دەسڕێ، بەڵام زمانی بۆ قسەكردن ناجوڵێ، باسی مەرگی كوڕەكەی بكات.

ژوورەكەی فرسەت سۆفی لە ماڵەوە داخراوە، یەك بە یەكی كتێبەكان، بیرەوەرییان لەگەڵ پەنجەكانی ھەیە، بەڵگەنامە و وێنەكانی ھەموو شت وەك خۆی ماوە و دوایین كتێبی سەر مێزەكەی دڵسۆزی و بە دواداچوونی پارێزگاری ھەولێر بۆ کارەکەی نیشان دەدات، براكەشی باسی ئەوە دەكات، كە ھەمیشە ھاوڕێ و مامۆستایان بووە و ئەوان درێژە بە رێگەكەی دەدەن.

 

هـ.ر.