داوای هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له سه‌ر په‌رله‌مانتارێكی عێراقی ده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
به‌هۆی كه‌یسێكی گه‌نده‌ڵی، كه وه‌رگرتنی بارێك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه و له رێگه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی چیكی گه‌یشتووه‌ته فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، دادگای باڵای ناوچه‌ی كه‌رخ، داوا ده‌كات پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر خالید عوبەیدی هه‌ڵبگیرێت.
به گوێره‌ی نووسراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی دادگای كه‌رخ، كه ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كردووه، ئاماژه به‌وه كراوه، بۆ لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌یه‌ی گه‌نده‌ڵی، كه تۆمه‌تبار خالید عوبەیدی تێوه‌گلاوه، پێویسته پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبگیرێت.
له نووسراوه‌كه‌دا ئاماژه به ناوه‌ڕۆكی كه‌یسه‌كه‌ش كراوه كه په‌یوه‌ندی به ده‌ستبه‌سه‌ردارگرتنی بارێك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هه‌یه كه به فڕۆكه‌یه‌كی چیكی گه‌یه‌نراوه‌ته فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه ته‌واو بێت.
خالید عوبەیدی، وه‌زیری پێشووتری به‌رگری عێراق بوو، ئێستا له ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانە له‌سه‌ر هاوپه‌یمانی نه‌سر به سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی.