"دابەزاندنی بەهای دینار رێژەی هەژاری لە عێراق بۆ سەدا 70 بەرزدەکاتەوە"

شارەزایانی ئابووری هۆشداری لە دابەزاندنی بەهای دینار دەدەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

شارەزایان و پەرلەمانتارانی عێراق هۆشداری دەدەن، کە بەهۆی کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و دابەزاندنی بەهای دینار، رێژەی هەژاری لە عێراق بە نزیکەی دوو هێندە بەرزبێتەوە. بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ رێژەی هەژار لە ناوچەکانی عێراق جیاوازە، نزمترین رێژەی لە هەرێمی کوردستانە کە 11.8%ـەیە، بەڵام لە پارێزگاکانی باکوور بەرزترین رێژەی هەیە و نزیکە لە 39.6%.

شارەزایانی ئابووری رایدەگەیەنن، رێكاره‌كانی دابەزاندنی بەهای دینار رێژەی هەژاری لە عێراق لەنێوان 40% بۆ 55 بۆ زیاتر لە 70% بەرزدەبێتەوە.

مەنار عەبدولموتەڵیب، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری پەرلەمان بۆچوونی شارەزایانی ئابووری پشتڕاستدەکەوە، بەرپرسیارێتی بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری لە عێراق دەخاتە ئەستۆی کازمی.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی رایگەیاند، لە رابردوودا چەندین جار هۆشداریان بە سەرۆکی حکومەت داوە، کە دەستکاری بەهای دینار نەکات و داینەبەزێنیت، چونکە لێکەوتەی سەختی لەسەر چینێکی فراوانی کۆمەڵگا دەبێت و رێژەی هەژار تاوەکو 60% بەرزدەکاتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی شەرق بلوومبێرگ، رێژەی هەژاری لە ناوچەکانی عێراق جیاوازە، بە جۆرێک لە پارێزگاکانی باشووری عێراق چوار هێندەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و دانیشتووانەکەی بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن.

لە راپۆرتی ئاژه‌نسەکەدا هاتووه‌، رێژەی هەژاری لە عێراق بەو شێوەیەیە، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش 11.9%،  پارێزگاکانی ناوەڕاست 26%  پارێزگاکانی باشوور 39.6% و پارێزگاکانی باکوور 43.6%.

بە گوێرەی توێژینەوەیەک کە ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی لە واشنتن لە 20 تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بڵاویکردووتەوە و پشتی بە چەندین سەرچاوەی زانستی عێراقی و نیودەوڵەتی بەستووە، چینی ناوەڕاست لە ساڵی 2007 60%ـی دانیشتووانی عێراقی پێکدەهێنا، بەڵام لە ساڵی 2020 گەشتووەتە 30%. لە بەرامبەردا چینی هەژاران و ئەوانەی لە ژێر هەڕەشه‌ی هێلی هەژاریدان گەیشتووەتە 60%.

لە توێژینەوەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی رێژەی هەڵاوسان لە عێراق بە خێرایی لە بەرزبوونەوەیە، بەڵام ئاستی داهاتی تاکی عێراق بە رێژەی 22.5% دابەزیوە.

ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئابووری عێراق بە گشتیی ئابوورییەکی بەکاربه‌ره‌ و پشتی بەهاوردە بەستووە، ئەو کاڵایانەی هەناردەی دەکات زۆر کەمترە بەراورد بەوەی هاوردەی دەکات، ئه‌مه‌شی به‌ كاره‌ساتێك ناوبردوه‌ كه‌ كاریگه‌ری ده‌بێته‌ سه‌ر دابەزاندنی بەهای دینار و كاردانه‌وه‌ی راستەوخۆی لەسەر چینی ناوەڕاست دەبێت، بۆیە راستەوخۆ دانیشتووانی عێراق بۆ دوو چینی دیار دابەشدەبن، ئەوانیش چینی هەژار و دەوڵەمەند. توێژینەوەکەش بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونەی پشتی بەوە بەستووە به‌و زانیارییه‌ی، کە نزیکەی 75% بۆ 80% داهاتی خێزانی عێراق پشتی بە مووچە و کرێ بەستووە.