کۆرۆنا کاریگەریی لە ئابووریی دوبەی کردووە و بودجەی 2021ـی کەمدەکاتەوە

شێخ محەمەد ئالمەکتووم بودجەی ساڵی داهاتووی پەسەند کرد
دیمەنێکی دوبەی، وێنە: WAM
دیمەنێکی دوبەی، وێنە: WAM

K24 - هەولێر

شێخ محەمەد بن راشد ئالمەکتووم، حاکمی ئەمارەتی دوبەی، ئەمڕۆ بودجەی ساڵی داهاتووی دوبەی پەسەند کرد، کە بە سەنتەری دارایی و کار لە ئیمارات دادەنرێت. بودجەی ساڵی 2021 بۆ 15.5 ملیار دۆلار کەمکراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی پەتای کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر کەرتی دارایی و کەرتەکانی دیکەی وڵات کردووە.

ئەمارەتی دوبەی، یەکێکە لە حەوت ئەمارەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بۆ بودجەی 2020ـی بە 18.1 ملیار دۆلار، ریکۆردی تۆمارکردبوو.

نووسینگەی راگەیاندنی حاکمی دوبەی دەڵێ، ئەو بودجەیە کەشە تایبەتەکەی دۆخی ئابووریی ساڵی 2020ـی لەبەرچاو دەگرێت، کە تێیدا پەتای کۆرۆنا کاریگەری لەسەر ئابووریی هەموو جیهان دانا.
 
زۆربەی ئابووریی ئیمارات، پشت بە کەرتی گەشتیاری و بازرگانیی دیکە دەبەستێت، بەڵام ئەو وڵاتەش لە ساڵی 2020 بەهۆی پەتای کۆرۆنا ناچاربوو چەندین مانگ سنوورەکانی خۆی دابخات، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی کۆی بەرهەمی ناوخۆی، بەڕێژەی 10.8٪ لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا.

بەپێی مەزەندەکانی حکومەت، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە بڵاوی کردووەتەوە، رەنگە ئابوورییەکەی بەڕێژەی 6.2٪کەمبکات لەمساڵدا، بەڵام چاوەڕوان دەکات لە ساڵی 2021، بەڕێژەی 4٪ گەشە بسەنێت.
 
نووسینگەی راگەیاندنی حاکمی دوبەی هەروەها گوتی "بودجەی نوێ، پشتڕاستی دەکاتەوە، کە خەڵکی دوبەی توانایان دەبێت لەگەڵ قەیرانەکان هەڵبکەن و گەشەسەندنی ئابووریی دەستپێدەکاتەوە''.

گەشتوگوزار، سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی دوبەیە، کە ساڵی رابردوو پێشوازیی لە 16 ملیۆن گەشتیار کردبوو. ئەمساڵیش پێش ئەوەی پەتای کۆرۆنا بە جیهاندا بڵاوببێتەوە، دوبەی ئامانجی هەبوو ژمارەی گەشتیاران، بگەیەنێتە 20 ملیۆن کەس.