فراکسیۆنە شیعەکان بە مەرج دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 دەدەن

ده‌یانه‌وێت ده‌ستكاری به‌های دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بكه‌ن
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24- هه‌ولێر:

بە گوێرەی چەند زانیارییەك، بەشێك لە فراكسیۆنە شیعەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رێككەوتوون، بۆ ئەوەی لەكاتی گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021، بەھای 100 دۆلار بكرێتە 130 ھەزار دیناری عێراقی، پسپۆڕانی ئابووری و دەستوریش دەڵێن حكومەتی عێراق دەیان بژاردەی دیكەی لەبەردەستە ئەگەر بیەوێ دۆخی دارایی وڵات بەھێز بكات، بەڵام لەبڕی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و چاكسازی لە گومرگەكان و گەڕاندنەوەی داھات بۆ گەنجینەی دەوڵەت، لە رێگەی دابەزاندنی بەهای دینار، ژیانی هاووڵاتیان سه‌ختتر دەکات.

دكتۆر محه‌مه‌د شه‌هاب، شارەزای بواری دەستور پێیوایە، لە بڕی ئەم پێشنیازە دەیان پێشنیازی دیكە هه‌ن، کە بەرپرسانی عێراق و  سەرکردایەتی عێراق بیری لێبکەنەوە، یه‌كێك له‌و رێگایانه‌ش، کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و گەڕانەوەی داھات بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

له‌كاتێكیشدا بەشێك لە شارەزایانی ئابووری له‌و باوه‌ڕه‌دان، کورتھێنانی بودجە نه‌ك هه‌ر بەم جۆرە ھەوڵانەی بانكی ناوەندی پڕنابێتەوە، به‌ڵكو وه‌ك دكتۆر گۆڤاند شێروانی، پسپۆڕی ئابووری ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، ئه‌م هه‌نگاوه‌ بارودۆخی دارایی خەڵك قورستر و سه‌ختتریش ده‌کات، بەڵام دەبێت پەرلەمان بڕیار لەبارەی ئەم پڕۆژەیاسایە لە بەرژەوەندی خەڵك بدات.

پەرلەمانتارانی عێراق دەتوانن بە كۆی دەنگ بڕیاری بانکی ناوەندی ھەڵوەشێننەوە، چونکە دواجار پەرلەمانە بڕیاری کۆتایی لە بارەی پڕۆژەیاساکەوە دەدات، بەڵام شارەزایانی دارایی و ئابووری پێیان واییە، بەم بڕیارەش عێراق ناتوانێت خۆی لە داڕمانه‌ ئابوورییەكەی رزگاربکات، چونکە حکومەتی عێراق لە بری ئەوەی لە سەرووی ھەرەمەكەوه‌ دەست بەچاکسازی بکات، لە خوارەوەی ھەرەمەکەوه‌ دەستی پێ کردووە، کە ھاووڵاتییە نەك رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئه‌مه‌ش ئایندەی عێراقی بەرەو داھاتوویەكی نادیاری بردووە.

H.B