بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار، بازاڕی خانووبەرەی سست کردووە

خاوەن نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە: خانوو و زەوی گران نەبوون
"ناجێگریی بازاڕی دۆلار، خەڵکی ترساندووە"
"ناجێگریی بازاڕی دۆلار، خەڵکی ترساندووە"

K24 - هەولێر

لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا، بەهای دینار بەشێوەیەکی بەرچاو لە عێراق دابەزێنرا، تائێستاش بازاڕی دراو جێگیر نەبووە، ئەمەش بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووی سست کردووە.

خاوەنی نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی دەڵێ، ناجێگریی بازاڕی دۆلار، خەڵکی ترساندووە و مامەڵەکانیان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

دیار حەسەن، خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی لە دهۆک، دەڵێ "ماوەیەکە بەهای دۆلار جێگیر نییە، خەڵکانێک ناتوانن نە هیچ بکڕن نە بیفرۆشن، ئەگەرنا بەهای خانوو و زەوی وەکو خۆیەتی، کڕینی ئەو خانووەی پێشتر بە 100 هەزار دۆلار بوو، ئێستا کەمبووەتەوە و وەستاوە، موڵکی گران بازاڕی نەماوە و ئێستا بازاڕی کڕینی موڵکی هەرزانە".

جگە لە کەمبوونی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی، بازاڕی کەرەستەی دروستکردنی خانوو و موڵکیش کەمبووە، چونکە زۆربەی ئەو کەرەستە و کەلوپەلانە لە دەرەوەی وڵاتەوە بە دۆلار هاوردە دەکرێن، بۆیە خەڵک چاوەڕوانن بەهای دۆلار وەکو خۆی لێبێتەوە، تاوەکو دەستبکەنەوە بە بەردەوامیدان بە پرۆژەکانیان.

چەند رۆژێکە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو گەرموگوڕ بووە، بەهۆی ئەوەی بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی لە 120 هەزار دیناری عێراقی، بۆ زیاتر لە 140 هەزار دیناری عێراقی بەرزبووەتەوە، بەمەش زۆربەی کەرەستەکانی بازاڕ و لەوانەش عەرز و خانوو کە بە دۆلار کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت، گران بوون.