كۆبوونەوەی شاندی دانوستانكاری حكومەت لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد

تاوتوێی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا دەكەن
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی شاندی باڵای دانوستانكاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی عێراق دەكەن.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لە تەلاری پەرمانی كوردستان رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكە شاندی باڵای دانوستانكاری حكومەتی ھەرێم ھەنگاوەكانی دانوستان لەگەڵ حكومەتی عێراق دەخاتەڕوو، دەیانەوێت ھەوڵ و ھەنگاوەكانیان بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا شەفافانە بخەنە بەردەم پەرلەمانی كوردستان".

پێش كۆبوونەوەكە شاندی حكومەت و پەرلەمان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە میدیاكارانی گوت: "كۆبوونەوەكە بۆ ئەوەیە وردەکاری گفتوگۆکان، ئەو خاڵانەی جێگەی رێککەوتن بوون و ئەوانەش کە جێگەی رێکنەکەوتن بوون (روونبکەنەوە)، هەروەها بۆچی تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەنییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدات؟ وەڵامی ئەو دەنگۆیانەش بدەنەوە کە قسەیەکی زۆری لەسەر دەکرێت؛ ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی کوردستان رادەستی حکومەتی عێراق بکات، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەداتەوە یان نا".

لە 9/12/2020 شاندی باڵای حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ دانوستان و رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق سەردانی بەغدای كرد، لە كۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان، شاندی حكومەتی ھەرێم جەختیان كردوە كە پابەندن بە یاسای قەرزی عێراق بۆ پڕكردنەوەی كورتھێنان لە بودجەی گشتی.

بڕیارە دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لە رۆژانی داھاتوودا شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەكان بكات و گفتوگۆ لەبارەی دانوستانەكان لەگەڵ بەغدا و دۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان بكەن.