ئێران هه‌نارده‌ی گاز بۆ عێراق كەمده‌كاته‌وه‌

هۆکارەکەشی بۆ کەڵەکەبوونی قەرزەکان و نەدانەوەی دەگەڕێتەوە
بۆری گازی ئێران
بۆری گازی ئێران

K24 - ھەولێر

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، هاوردەی گازی له‌ ئێرانه‌وه‌ بەهۆی نەدانەوەی قەرزەکان و كه‌ڵه‌كه‌ بوونیان، کەمبووه‌ته‌وه‌ و ئەوەش کاریگەری کردووەتە سەر ئاستی بەرهەمهێنان لە وێستگەکانی کارەبا.

ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لایەنی ئێرانی هەناردەی گازی سرووشتی بۆ عێراق لە پێنج ملیۆن مەتری سێجاوە بۆ سێ ملیۆن مەتری سێجا کەمکردووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ کەڵەکەبوونی قەرزەکان و نەدانەوەی دەگەڕێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاری کەمکردنەوەی هەناردەی گاز، دابینکردنی کاره‌با بۆ بەغدا ناوچەکانی دەوروبەری بە شێوەیەکی نزیک لە تەواو پەکدەخات.

راشیگەیاند، بڕیاری کەمکردنەوەی هەناردەی گازی دوای دوو هەفتەی لە بڕیاری کەمکردنەوەی ئاستی هەناردە لە 50 ملیۆن مەتری سێجاوە بۆ پێنج ملیۆن مەتری سێجا دەگەڕێتەوە، داواش لە وەزارەتی دارایی دەکات، هەوڵەکانی بۆ پێدانەوەی قەرزەکانی ئێران چڕ بکەنەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا هۆشداری دەدات، لە ئەگەری نەدانەوەی قەرزەکان مەترسی هەیە تەواوی سیستمی کارەبا لە عێراق پەکی بکەوێت.