تاران: به‌رپرسیارێتی هه‌ر هه‌نگاوێكی نه‌خوازراو له ناوچه‌كه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی واشنتن و هاوپه‌یمانه‌كانی
K24- هه‌ولێر:
عه‌لی ره‌بیعی، گوته‌بێژی حكومه‌تی ئێران رایگه‌یاند، واشنتن و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌رپرسیارێتی هه‌ر هه‌نگاوێك له ئه‌ستۆ ده‌گرن، كه ببێته هۆی وێرانكاری و گرژی له ناوچه‌كه.
ره‌بیعی گوتی: ئێران هه‌ر سه‌ركێشییه‌كی نوێ له عێراق ره‌ت ده‌كاته‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئێران دژی هه‌ر رێككارێكه له عێراق، كه پێچه‌وانه‌ی خواسته‌كانی حكومه‌تی ئه‌و وڵاته بێت.
گوته‌بێژی حكومه‌تی ئێران گوتیشی: "ئه‌مه‌ریكا باش ئه‌وه ده‌زانێت كه كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك له عێراق هه‌ن پاڵنه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی‌یان هه‌یه بۆ كۆتاییهێنان به "داگیركاری ئه‌مه‌ریكی" له وڵاته‌كه‌یان و ئێران هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به كاره‌كانی ئه‌و خه‌ڵكه‌وه نییه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "نه‌یارانی ئاشتی و سه‌قامگیری له ناوچه‌كه ترسی زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمییان لێ نیشتووه، كه جارێكی دیكه ئه‌و رێككه‌وتنه رێچكه دیپلۆماسییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تاران وه‌رگرێته‌وه" و جه‌ختیشی كرده‌وه، "هه‌ندێك لایه‌ن هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆمب له‌سه‌ر رێگای ئیداره‌ی داهاتووی ئه‌مه‌ریكا بچێنن".
ره‌بیعی گوتی: "تاران به‌رپرسیارێتی هه‌ر كارێكی گێچه‌ڵكاریی بۆ شێواندنی وێنه‌ی ئێران له ناوچه‌كه ده‌خاته ئه‌ستۆی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی"، گوتیشی: "كۆماری ئیسلامی به‌رامبه‌ر نیازه خه‌راپه‌كان بۆ سوودوه‌رگرتن له گرژی نێوان تاران و واشنتن چاوكراوه‌یه"، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "ئێران ئاماده‌یه بۆ به‌رگریكردن له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌ی و ژیانی هاووڵاتییانی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تاران هۆشداری پێویستی داوه‌ته لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان".
ئه‌م قسانه‌ی گوته‌بێژی حكومه‌تی ئێران له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هاتوون و له‌باره‌ی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه رایگه‌یاند، "جیهان به‌بێ بكوژی قاسم سوله‌یمانی سه‌لامه‌تتر ده‌بێت و ئێمه خۆشحاڵین كه بكوژه‌كه‌ی قاسم سوله‌یمانی له گۆڕه‌پانی سیاسی ئه‌مه‌ریكا دوور ده‌كه‌وێته‌وه"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، كه بڕیاره له مانگی داهاتوو كۆشكی سپی بۆ جۆ بایدن، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا جێ بهێڵێت.
ره‌بیعی دووپاتیكرده‌وه، "عه‌سكه‌رتارییه‌تی ناوچه‌ی كه‌نداو له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ وڵاتێكی ناوچه‌كه و جیهان نابێت" و گوتی: "ده‌سته‌به‌ری ئاسایشی كه‌نداو و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی له‌رێگه‌ی وڵاتانی كه‌ناراوی كه‌نداوه‌وه ده‌بێت".
هه‌وره‌ها گوتی: "ئێران هیواداره ئه‌مه‌ریكا ده‌ست له سیاسه‌تی ده‌ستوه‌ردان له كاروباری وڵاتانی ناوچه‌كه و بڵاوكردنه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كێ له نێوانیان هه‌ڵگرێت و چیتر سه‌ركێشییه‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كه‌ی ئه‌نجام نه‌دات".
سه‌رچاوه: روسیا الیوم
H.B