له‌ په‌رله‌مانی عێراق ره‌وتێكی شۆڤێنیی توندڕه‌و له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كات

له‌به‌غدا پیلانگێڕییه‌ك بۆ نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ئارادایه‌
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24- هه‌ولێر:‌

لە کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان شاندی دانوستانكاری حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان روون بووه‌وه‌، كه کێشەکانی هەولێر و بەغدا بودجە و مووچە نین، بەڵکو کێشەکە سیاسییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی داوە، بۆ ئەوەی لەسەر بودجە و مووچە لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتن، بەڵام لایەنە سیاسیەکانی عێراق مەبەستی دیکەیان هەیە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ جه‌لال محه‌مه‌د ئه‌مین، بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: عەقڵیەتێك لە بەغدا هه‌يه کار بۆ ئەوە دەکات، ئەو پێشکەوتن و ئاوەدانییەی له‌ هەرێمی کوردستان هه‌یه‌ بوەستێنێت و هاوشیوەی بەسره‌ و شارەکانی دیکەی عێراقی لێ بکات.

لە کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی عێراق دەرکەوت، كه‌ لایەنە عێراقییەکان کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستوری، یاسايی و سياسى هەرێمی کوردستان دەکەن و په‌شیمانبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ بوونی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، ئەمەشیان راشكاوانه بە شاندی هەرێمی کوردستان گوتووه‌. پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتیش دووپاتیكرده‌وه‌، حکومەتی عێراق دەیەوێت کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، به‌لام له‌ په‌رله‌مانی عێراق‌ ره‌وتێكی توندڕه‌و و شۆڤێنى هه‌يه، نایانه‌وێت ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست بێت.

نه‌ناردنی شایسته‌ داراییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێکی دەستوری و یاسایی نیە، بەڵکو هۆکارێکی سیاسی وايكردووه کێشە بۆ شایستە داراییەکان دروست بكرێت. ئێستا لایەنە عێراقیەکان ده‌ستیان به‌ هەوڵێکی دیکە کردووە، ئەویش کاركردنه‌ بۆ نەمانی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت هەرێمی کوردستانیش بە دەردی شارەکانی ناوەراست و باشووری عێراق ببەن و رێگری لە پێشکەوتنی كاروانى ئاوەدانی هەرێمی کوردستان بکەن.

H.B