ساڵی 2020 لە رۆژھەڵاتی ناوەراست ساڵێکی پڕ لە کێشە و ململانێ بوو
K24- ههولێر:
ساڵی 2020 لە رۆژھەڵاتی ناوەراست ساڵێکی پڕ لە کێشە و ململانێ بوو. لە کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیسەوە بگرە تا دەگاتە رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران و حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی سەربەو وڵاتەدا و دروستکردنی بەرەیەکی بەھێزی دژی ئێران، ئەمانە ھەموو بوونەته ھۆی ئاڵۆزترکردنی دۆخی ناوچەکە. ئێستاش لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی دۆخی رۆژھەڵاتی ناوەراست و عێراق بەتایبەتی لە ھەموو کات مەترسیدارترە.
له ساڵی 2020 سیاسەتی ئەمهریکا و ترەمپ بە تایبەتی لە رۆژھەڵاتی ناوەراست بەشێوەیهك بوو، زۆرترین کاردانەوە و گرژی بەداوی خۆیدا ھێنا. کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس لە سەرەتای ساڵ و لە بەرەبەیانی 3ی کانوونی دووەمی 2020 لە نزیك فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، کە ئۆتۆمبێلەکەیان لەلایەن فڕۆكهیهكی بێفڕۆكهوانی ئەمهریکییەوە کرایە ئامانج.
کاردانەوەی ئێران و گروپە میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتەی لە عێراق بەدوا یخۆیدا ھێنا، چەندین مووشەك ئاراستەی باڵیۆزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمهریکا لە عێراق کران.
28 کانوونی دووەمی ساڵه 2020 جارێکی دیکە بڕیارێکی ترەمپ و ئەمجارەیان لە ناوچەیەکی دیکەی رۆژھەڵاتی ناوەراست گرژی لێکەوتەوە، كاتێك ترهمپ لهبارهی ئیسرائیل و فهلهستینهوه گوتی: "سیاسەتی من دەرفەتی سەرکەوتنی دوولایەنە بە ھەردوولا مسۆگەر دەکات. چارەسەرێکی راستەقینە کە مەترسیەکانی فەلەستین لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل ناھێڵێت. ئەمڕۆ ئیسرائیل ھەنگاوێکی گەورەی بەئاراستەی ئاشتی لە ناوچەکە ناوە".
فەلەستینیەکان لە ناوخۆی فەلەستن و لە ئوردن و لوبنان و وڵاتانی دیکە بەتووندی دژی بڕیارەکەی ترەمپ وەستانەوە.
ناوەراستی ساڵی 2020 یاسای سیزەری بەسەر رژێمەکەی ئەسەدا سەپاند.
جارێکی دیکە لە عێراق و بڕیاری کشاندنەوەی ژمارەیەکی دیکە لە سەربازەکانی وڵاتەکەی و ھێشتنەوەی تەنیا 2 ههزار و 500 سەرباز بۆ پاراستنی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسیەکانی لە عێراق بڕیارێکی دیکەی ترەمپ بوو.
دوای ئهو بڕیارهش تهحسین خهفاجی، گوتهبێژی فهرماندهی ئۆپهراسیۆنه هاوبهشهكانی عێراق گوتی: "ئێستا دەبینین بە گوێرەی ئەو خشتەی دیاریکراوە لەنێوان ئێمە و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ کشانەوەی سەربازەکانیان دەستپێکردووە و بنکەی سەربازییەکان رادەست دەکەنەوە. دوێنێ بنکەیەکی سەربازیمان وەرگرتووەتەوە و لە رۆژانی داھاتووش بەردەوام دەبێت".
له 15ی ی ئەیلوولی 2020 رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل، ئیمارات و بەحرەین واژوو کرا و ترەمپ رێککەوتنەکەی بە دەرکەوتنی ئاسۆیەکی نوێ لە رۆژھەڵاتی ناوەراست ناوبرد بۆ یەکخستنی نەیارەکانی ئێران لە ناوچەکە.
حوسێن سهلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: "لە بواری ئابوورییەوە دەبێ ئەم دۆخەی ئێستا وەك دۆخی شەر مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. من پێتان دەڵیم: ئێمە لەڕووی سەربازییەوە ھەموو رێگاكانمان لەبەردەم دوژمن داخستوون. رێوشوێنی پێویستمان بۆ سەرکەوتن بەسەریدا گرتووەتەبەر".
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 و لە ھەڵبژاردنەکانی 3ی تشرینی دووەم، ترەمپ لەبەرامبەر بایدن شکستی ھێنا.
چەند رۆژێکی دیکە ساڵێك بەسەر کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیسدا تێدەپەڕێت، ترەمپ لە تویتێکدا ئامۆژگاری ئێران دەکات، بیر لە ھیچ ھەنگاوێكی تۆڵهسهندنهوه نەکاتەوە. ئێرانیش ھەموو میلیشاکانی لە عێراق ئاگادارکردوونەتەوە، کە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دوا رۆژەکانی ترەمپ لەسەرۆکاتیدا بکەن، کارێك نەکەن کاردانەوەی توندی ترەمپی بەدوادا بێت.
H.B