عێراق و ئێران لەسەر ھەناردەی گاز رێككەوتن

دوای چارەسەرکردنی قەرزەکان ئێران گاز هەناردەی عێراق دەکاتەوە
گاز
گاز

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی بەغدا و تاران لەسەر بابەتی قەرزەکان گەیشتنە رێککەوتن، لە ئەمڕۆ چوارشەمممەوە، بە هەمان ئاستی پێشوو ئێران دەست بە هەناردەکردنی گاز بۆ عێراق دەکاتەوە.

کۆمپانیای گازی سەر بە دەوڵەتی ئێران، رۆژی 28/12/2020 رایگەیاندبوو، بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکان کە زیاتر لە 6 ملیار دۆلارە، هەناردەی گازیان بۆ عێراق راگرتووە.

دوای ئەو بڕیارەش وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرای کرد، بەهۆی کەمبوونەوەی هاوردەی گازی ئێران بەرهەمهێنان و پێدانی کارەبا لە بەغدا و چەندین شاری دیکە لە ژێر مەترسی پچڕانی تەواودان.

ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، دوێنێ سێشەممە لە میانی کۆبوونەوەی رەزا ئەردەکانیان وەزیری وزەی ئێران و ماجید مەهدی هاوتا عێراقییەکەی، لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردە کردنەوەی گازی سرووشتی رێککەوتن.

وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی کەمبوونەوەی هاوردەی گازی ئێران، عێراق حەوت هەزار مێگاوات کارەبای لەدەستداوە، کە ئەوەش کاریگەری زۆری کردووەتە سەر دابینکردنی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا.