پەرستارێک دوای کوتانی بە ڤاکسین، تووشی پەتای کۆرۆنا بوو

پسپۆڕێکی تەندروستی: چاوەڕوانی روودانی ئەو حاڵەتە بووین
ماتیو لە ئینسترگرامی خۆی بڵاویکردووەتەوە کە بە ڤاکسینی کۆرۆنا کوتراوە
ماتیو لە ئینسترگرامی خۆی بڵاویکردووەتەوە کە بە ڤاکسینی کۆرۆنا کوتراوە

K24 - هەولێر 

هەشت رۆژ دوای کوتانی بە ڤاکسینی کۆرۆنا، پەرستارێکی ئەمەریکی لە کالیفۆرنیا، تووشی پەتای کۆرۆنا بوو.

ماتیو دەبلیو، کە پەرستارە لە سان دیێگۆی کالیفۆرنیا، لە 18ـی ئەم مانگە بە ڤاکسینی کۆمپانیای ڤایزەر لە دژی کۆرۆنا کوتراوە، بەڵام لە رۆژی کریسمس، هەستی کردووە نەخۆشە.

پەرستارەکە بە ABC 10 Newsـی ئەمەریکی گوتووە: سەرەتا هەستم دەکرد هەموو ماسوولکەکانم ئازاریان هەیە و شەکەتم.

26ـی ئەم مانگە ماتیو چووەتە نەخۆشخانە و پشکنینی کۆرۆنای کردووە، دەرکەوتووە سەرەڕای کوتانی بە ڤاکسین، تووشی ئەو پەتایە بووە.

هەرچەندە تووشبوونی ئەو پەرستارە بە پەتاکە لەکاتێکدا کوتراوە، مایەی سەرسوڕمانە، بەڵام بەگوتەی پسپۆرانی تەندروستی، ئەو رووداوە چاوەڕواننەکراویش نییە.

دکتۆر کریستیان رامێرێز، پسپۆر لە بواری نەخۆشییە گوازراوەکان لە سان دیێگۆی ئەمەریکا، دەڵێ "ئەو رووداوە بەهیچ شێوەیەک چاوەڕواننەکراو نییە، ئەگەر سەیری ژمارەکان بکەی، دەبینی ئەوە ئەو شتەیە کە ئێمە چاوەڕوان بووین رووبدات".

رامێرێز، باس لەوە دەکات ماتیۆ رەنگە پێش کوترانی بە ڤاکسینەکە، ڤایرۆسەکەی تووشبووبێت، بەڵام دواتر نیشانەکانی دەرکەوتوون. باس لەوەش دەکات، ئەو ئاگادارە کارمەندانی دیکەی تەندروستی، لەدوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، ڤایرۆسەکەیان تووش بووە.

 

هـ.ر.