بەهۆی شەڕێک لە دارەتوو، دوو کەس کوژران و پۆلیس شەش کەسی دەستگیرکردووە

پێنج بریندار دەستبەسەرن
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر

K24 - هەولێر 

ئێوارەی دوێنێ بەهۆی شەڕی نێوان دوو خێزان لەسەر کێشەیەک لە دارەتووی هەولێر، دوو کەس کوژران، بەهۆی ئەو رووداوەوەش شەش کەس دەستگیرکراون.

رائید هۆگر عەزیز، گوتەبیژی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند "شەڕەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، لە شوێنێکی نزیک شارەدێی دارەتوو روویداوە و دوو کەس لە هەردوولا کوژراون".

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ناسنامەی کوژراوەکانی ئاشکرا کرد، کە پێکدێن لە پیاوێکی تەمەن 30 ساڵ بەناوی شۆڕش عیماد، هەروەها مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ بەناوی سەروەر سەعدی بەحری.

هەر لەو شەڕەدا پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون، کە رەوشی تەندروستییان جێگیرە، بەڵام ئەوانیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێرەوە دەستبەسەرن.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بۆ کوردستان24 ئاشکراشی کرد "تائێستا شەش کەسمان بەهۆی ئەو رووداوە لە هەردوولا دەستگیرکردووە".

شەوی رابردوو، یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکان لەبارەی شەڕەکەوە قسەی بۆ کوردستان24 کرد و گوتی "شەڕەکە لەنێوان زاوا و خەزووری روویداوە بەهۆی ئەوەی (کچەکە چووەتەوە ماڵی باوکی)، زاواکە گوتوویەتی ژنەکەم بنێرنەوە، ئەگەرنا دوو منداڵەکانم بنێرنەوە، ئەوانیش منداڵەکانیان داوەتەوە، ئیدی جنێوی بە خەزووری داوە. دواتر شەڕ روویداوە و گوللـەیان ئاراستەی یەکدی کردووە".

هـ.ر.