سوپای عێراق لە پردێ رێگری لە جوتیارانی كورد دەكات

ھێزەكانی عێراق فشار دەخەنە سەر جوتیارانی كورد
kurdistan24.net

K24 – پردێ

سوپای عێراق لە ناحیەی پردێی سەر بە پارێزگای كەركووك، رێگە نادات جوتیارانی كورد بچنە ناو زەوییەكانیان.

نەبەز ساڵەیی، وتەبێژی عەشیرەتی ساڵەیی، بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوێنێ سوپای عێراق ھاتووە لە پردێ رێگری لە جوتیارانی كورد كردووە و پێیان گوتون نابێ بچنە ناو زەوییەكانتان، ئەمە جاری یەكەم نییە ئەوە روودەدات، ماوەیەك بەر لە ئێستا جارێكی دیكە ئاستەنگیان بۆ جوتیارانی كورد دروستكرد".

یەكێك لە خاوەن زەوییەكانی پردێ دەڵێ: "فشارەكان بۆ سەر ھاووڵاتییانی كورد لە سنووری سەرگەڕان و پردێ پەیوەندیی بەیەكەوە ھەیە و دەیانەوێت دەست بەسەر زەوییەكانی جوتیارانی كورد دا بگرن".

ئەمە لەكاتێكدایە عەرەبە ھاوردەكان بە پشتیوانی ھێزەكانی عێراق ئەمساڵ چەندین جار ھاووڵاتییانی كوردیان ئاگادار كردونەتەوە كە گوندی پەڵكانە جێبھێڵن، بۆ ئەوەی دەست بەسەر خانوو و زەوییەكانیاندا بگرن.

وەك بەدواداچوون بۆ ئەم كێشەیە رۆژی 28/12/2020 شاندێكی پەرلەمانی عێراق سەردانی كەركووكی كرد و لەگەڵ فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی كه‌ركووك كۆبوونەوە و بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەش یاداشتێك ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كراوە.