روحانی: تۆڵەی قاسم سولەیمانی دەكەینەوە

"ترەمپ و پۆمپێیۆ بەرپرسیاری سەرەکی ئەو رووداوەن"
قاسم سولەیمانی و حەسەن روحانی - ئەرشیف
قاسم سولەیمانی و حەسەن روحانی - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی دەكات بە دەرکردنی ئەمەریکا لە ناوچەکە، و بەرپرسیاریەتی ئەو رووداوەش دەخاتە ئەستۆی بەرپرسانی ئەمەریکا.

حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند: "ئەوانەی دەستی قاسم سولەیمانیان بڕی، پێیان لە ناوچەکە کورت دەکەینەوە و دەرکردنی ئەمەریکا گەورەترین تۆڵەی خوێنی قاسم سولەیمانییە".

ررحانی، دۆناڵد ترەمپ و مایک پۆمپێیۆ بە بەرپرسیاری سەرەکی ئەو رووداوانە ناودەبات و دەڵێ: "ساڵی داهاتوو سەردەمی ترەمپیزم کۆتایی پێدێت و ئاسایش و ئارامی بۆ جیهان دەگەڕێتەوە".

هاوکات جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی توند لە ئەمەریکا دەکات و رایگەیاندووە: "هەر جموجۆڵێکی ئەمەریکا و هەڕەشەکانی، لێککەوتەی کارەساتباری بۆ واشنتن دەبێت".

ئەو گەتانەی سەرۆک کۆماری ئێران لەكاتێكدایە كە چەند رۆژێكی دیكە ساڵێك بەسەر كوژرانی قاسم سولەیمانی تێدەپەڕێت، كە لە 3/1/2020 لەلایەن ئەمەریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە رێگەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان كرایە ئامانج.