بەڤیدیۆ؛ یادکردنەوەی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی لە کەربەلا

لە مەراسیمێکدا دوو دارەبازەی بەتاڵ وەکو سیمبوولێک بۆ رێزلێگرتنیان بەرزکرانەوە
یادکردنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە کەربەلا
یادکردنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە کەربەلا

K24 - هەولێر

لە کەربەلا لەڕێگەی هەڵگرتنی دوو دارەبازەی بەتاڵ، چەکدارانی حەشدی شەعبی یادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسیان کردەوە، کە سێیەم رۆژی ئەمساڵ لەلایەن ئەمەریکاوە کوژران.

هەریەک لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە هێرشێکی ئەمەریکا لە 3-1-2020 لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.

عەبدولڕەحیم جاسم، ئەندامی حەشدی شەعبی لەبارەی مەراسیمەکە دەڵێ ئەمە، "مەراسیمی ھەڵگرتنی دارەبازەی پاڵەوان ئەبومەھدی موھەندیسە. ئەمڕۆ بۆ ئەندامانی حەشدی شەعبی رۆژێكی گرنگە، چونكە ئەبومەھدی سیمبوولێكی گەورە بوو".

دوای تێپەڕینی نزیکەی ساڵێک بەسەر رووداوەکە، کە تێیدا کۆتایی بە چالاکییەکانی دیارترین سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێران هێنرا، لە کەربەلا داوای تۆڵەکردنەوە دەکرێت.

محەمەد فەھد، ئەندامێکی دیکەی حەشدی شەعبی، باس لەوە دەکات "ئێمە ئامادەین بۆ وەدەرنانی داگیركەران. خۆپیشاندانەكان بە ئازارن و ئەگەر رابەرمان فەرمان بدات، ئێمە ئامادەی رووبەڕووبوونەوەین بۆ تۆڵەكردنەوە".

کوشتنی قاسم سولەیمانی، توڕەیی ئێرانی بەدواداهات و هەر ئەو کاتە و بەدیاریکراوی لەدوای پێنج رۆژ، ئێران هێرشێکی مووشەکی کردە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە ئەنبار، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لە ریزی هێزەکانی ئەمەریکا نەبوو.

هـ.ر.