ئه‌نقه‌ره و واشنتۆن سزاكانی سه‌ر توركیا تاوتوێ ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
مه‌ولود چاوشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (30ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020) رایگه‌یاند، ئه‌نقه‌ره و واشنتۆن گفتوگۆی پێكهێنانی تیمێكی هاوبه‌ش ده‌كه‌ن، له‌باره‌ی تاوتوێكردنی سزاكانی سه‌ر توركیا، كه به هۆی كڕینی سیسته‌می به‌رگری (ئێس 400)ی رووسییه‌وه به‌سه‌ریدا سه‌پاوه.
چاوشئۆغلۆ گوتی: "مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به‌گرنگییه‌وه ده‌ڕوانێته پێكهێنانی تیمی هاوبه‌ش له‌باره‌ی سزاكانی سه‌ر توركیا به‌هۆی كڕینی سیسته‌می به‌رگری (ئێس400)".
گوتیشی: "له دیداره‌كه‌ی پۆمپیۆ، پێشنیازی خۆمان خستووه‌ته‌ڕوو، ئه‌وانیش ئاماده‌یی خۆیان نیشانداوه، كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، هێشتا گفتوگۆكانمان به‌رده‌وامه و تیمی هاوبه‌ش پێكنه‌هێنراوه".
واشنتۆن له‌م مانگه‌دا سزای به‌سه‌ر ده‌سته‌ی پیشه‌سازی به‌رگری توركیا و سه‌رۆكی ده‌سته‌كه "ئیسماعیل ده‌میر" و (3) له كاربه‌ده‌ستانی دیكه‌ی دامه‌زراوه‌كه سه‌پاندووه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره سیسته‌می به‌رگری رووسیای به‌ده‌ستهێنا.
پێشتر توركیا پێشنیازی پێكهێنانی گرووپكارێكی كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری (ئیس 400)ی رووسیا له‌سه‌ر په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" روونبكاته‌وه، له‌سه‌رتا واشنتۆن پێشنیازه‌كه‌ی ره‌تكردبووه‌وه.
واشنتۆن پێوایه سیسته‌می به‌رگری (ئێس 400)، هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر فڕۆكه جه‌نگییه‌كه‌ی له جۆری (ئێف 35) و سیسته‌می به‌رگری "ناتۆ" درووست ده‌كات، توركیاش ئه‌مه ره‌تده‌كاته‌وه.
چاوش ئۆغلۆ ئاماژه‌ی كرد، ئه‌نقه‌ره ئاماده‌ی هه‌نگاونانه بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌رده‌می جۆ بایدن.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز
د.ی