وردەكاری لەبارە كەیسی سلێمانی ھەڵشۆیی دەخرێتەڕوو

"زیاتر لە 500 كەس دەیانەوێت سكاڵا تۆمار بكەن و 20 كەسیش دەستگیر كراون"
kurdistan24.net

K24 – رانیە

مامەڵە كردن لەگەڵ سلێمان ھەڵشۆیی، جگە لەوەی گیرفانی زۆر كەسی بێ پارە كردووە، لە ھەمانكاتدا كێشەی زۆری خێزانی لێكەوتووەتەوە، پۆلیسی راپەڕین چەند زانیاریەك لەبارەی لێكۆڵینەوەكان دەخاتەروو، ئاشكرای دەكات، زیاتر لە 500 كەس دەیانەوێت سكاڵا لە دژی سلێمان تۆمار بكەن، 20 كەسیش بە تۆمەتی پەیوەندیی بوون بە مامەڵەكانەوە دەستگیر كراون.

بەرنامەی باسی رۆژ، بەدواداچوون بۆ كەیسی سلێمانی ھەڵشۆیی دەكات و زانیاری نوێ لە زاری پۆلیس و كەسانی پەیوەندیدار بەو كەیسە دەخاتەڕوو.

رائید شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەگەڵ دادگای لێكۆڵینەوەی پشدەر دەستمان بە لێكۆڵینەوە كردووە، بۆ ئەوەی سەرەتا بزانین ئەو مامەڵەیە چۆن ئەنجامدراوە، گەیشتوینەتە ئەو ئەنجامەی ئەو مامەڵەیە تەنھا لەنێوان كڕیار و فرۆشیار بووە، واتا مامەڵەكە سەنگی یاسایی نییە و ھیچ بەڵگەیەكی یاسایی نییە، مامەڵەكە تەنھا لەنێوان خۆیان بووە".

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، ئاماژەی بەوەشكرد: "زیاتر لە 50 ھاووڵاتی لە پۆلیس سكاڵایان دژی سلێمان ھەڵشۆیی تۆمار كردووە، ھەروەھا 500 كەسی دیكە لە پۆلیس خۆیان ناونووس كردووە و دەڵێن مامەڵەمان لەگەڵ سلێمان كردووە، لە داھاتوویەكی نزیكدا سكاڵایان لێوەر دەگرین، بۆ ئەوەی پێشكەشی دادگای بكەین و جارێكی دیكە سكاڵایان لێوەر بگیرێت".

راشیگەیاند: "دوای ئەوەی سلێمان ھەڵشۆیی دەستگیر كرا، دواتر 20 كەسی دیكەی پەیوەندیدار بەو مامەڵەیە دەستگیر كران، بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون".

رائید شۆڕش ئیسماعیل، رەتیدەكاتەوە ھیچ پارەیەكی سلێمان ھەڵشۆیی دەستی بەسەر داگیرابێت و دەڵێ: "پێویستە ھاووڵاتییان باوەڕ بە دەنگۆكانی سۆشیال میدیا نەكەن، ھەر شتێكی فەرمی ھەبێت پۆلیسی راپەڕین بە راگەیەندراو بڵاوی دەكاتەوە، تائێستا ھیچ پارەیەكی سلێمان ھەڵشۆیی نەدۆزراوەتەوە، ئێمە لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی بزانین ئەو پارەیەی كە مامەڵەی پێكراوە چی لێھاتووە".

ژمارەیەك ھاووڵاتی دانیشتووی ناحیەی سەنگەسەر لەبارەی ئەو كەیسە بۆ كوردستان24 دوان، یەكێكیان گوتی: "خەڵكێكی زۆر لە گوندەكانی سنووری ناحیەی سەنگەسەر مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان ھەڵشۆیی كردووە و پارەكانیان كردووەتە دەستی سلێمان".

ھاووڵاتییەك باسی لەوەكرد: "ژن ھەیە لەم سنوورە بەبێ ئاگاداری ھاوسەرەكەی زێڕەكانی خستووەتە دەستی سلێمان، ئەمەش كێشەی خستووەتە نێوانیان و ئێستا ژنەكە تەڵاق دراوە".

پیاوێكی بە تەمەن قسەی بۆ بەرنامەی باسی رۆژ كرد و گوتی: "پورزایەكم ئۆتۆمبێلێكی ھەبوو بە 1500 دۆلار ( 15 وەرقەی) كڕیوە ئەویشی لە دەستی سلێمان كردووە، گوتویەتی دوای سێ مانگ ئۆتۆمبێلێكی نوێم پێدەدات، ئەو مامەڵەیەشی بە دزییەوە كردووە و ھاوسەر و منداڵەكانی ئاگادار نەبوونە".

راشیگەیاند: "تەنھا لە دۆڵە رەققە نزیكەی 30 ماڵ پارەیان داوەتە سلێمان ھەڵشۆیی، ھەیانە ئۆتۆمبێل و ھەشیانە زێڕی ژنەكەی لەسەر داناوە".

"سلێمان زۆری لە كەس نەكردووە و خەڵكەكە خۆی پارەی پێداوە"، ئەمە قسەی گەنجێكی دەڤەری راپەڕینە ئەو دەشڵێت: "من سلێمان ناناسم تەنھا لەناو ئۆتۆمبێل بینیومە، بەڵام خەڵێكك زۆر پارەیان پێداوە، تەنھا لە گوندی قادراوە كە ژمارەی دانیشتووانی 500 ماڵ دەبێت، 550 ھەزار دۆلار (55 دەفتەر دۆلار) دراوەتە سلێمان ھەڵشۆیی".

گەنجێك وەكخۆی دەڵێ كرێكاری دەكات و براكەشی پێشمەرگەیە زیاتر لە 10 ھەزاری دۆلاری خۆی و براكەی داوەتە دەست سلێمان ھەڵشۆیی ئەو ئاشكرای كرد: "دەمانچەم كڕین و سلێمان پێی گوتم بۆ ھەر دەمانچەیەك ھەزار دۆلار (10 وەرەقە) خێرتان پێدەدەم، واتا بەگوێرەی مامەڵەكە ئێمە دوای سێ مانگ زیاتر لە 17 ھەزار دۆلارمان دەست دەكەوت".