هه‌رێمی كوردستان داوای دوو پۆست له‌ بانكی ناوه‌ندی و كۆمپانیای سۆمۆ ده‌كات

حكومه‌تی هه‌رێم هیچ نوێنه‌رێكی له‌و دوو شوێنه‌ نییه‌
بانقی ناوه‌ندی عێراقی
بانقی ناوه‌ندی عێراقی

K24- هه‌ولێر:

هەرێمی کوردستان داوا دەکات لە چوارچێوەی مافەکانی، دوو پۆستی گرنگ لە بانکی ناوەندی و کۆمپانیانی سۆمۆ وەربگرێت، چونکە تا ئێستا کورد هیچ نوێنەرێکی لەو دوو شوێنە نییە، کە شادەماری ئابووری و سیاسەتی نەختینەی عێراق دیاری دەکەن، نەبوونی نوێنەری کورد لەو دوو شوێنە کاریگەری خراپی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە و لە داهاتووش دەیبێت.

بانکی ناوەندی عێراق کە سیاسەتی نەختینەی ئه‌و وڵاته‌ دیاری دەکات، تا ئێستا هیچ نوێنەرێکی کورد لەو بانکە نییە، کە زۆر جار سیاسەتی نەختینەی ئەو بانکە زیانی زۆری بە هەرێمی کوردستان گەیاندوە، هاوشێوەی ئەو بانکە لە کۆمپانیانی سۆمۆش کە تایبەتە بە دەرهێنان و گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت، کورد هیچ نوێنەرێکی نییەکە، بۆ هەردوو شوێنەکە دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان له‌ 17% بێت، محه‌مه‌د سه‌عدون، بڕیاردەری لیژنەی دارایی له‌ پەرلەمانی کوردستان دەڵیت: نەبوونی نوێنەری کورد لەو دوو شوێنە زیانی دەبێت و بۆ قۆناغی ئێستا گرنگە هەرێمی کوردستان پشکی خۆی وەربگرێت.

هەردوو شوێنەکە ستراتیژین، بەتایبەت کۆمپانیانی سۆمۆ، کە هەرێمی کوردستان ئاگاداری وردەکاری دەرهێنان و فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق نییە، بۆ قۆناغی ئێستاش گرنگە، چونکە هەولێر و بەغدا لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2021 گەشتوونەتە رێککەوتن، لە پرۆسەی رادەستکردنی نەوت پێوستە هەولێر نوێنەری لە کۆمپانیای سۆمۆ هەبێت، بەڵام وه‌ك هۆشمه‌ند ره‌فیق، پسپۆڕی ئابووری جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئەگەر ئەم دوو پۆستەش هاوشێوەی پۆستە باڵاکانی دیکە پڕ بکرێنەوە، سوودی بۆ کورد نابێت، چونكه‌ لە بەغدا کار بە زۆرینەو کەمینە دەکرێت.

سیاسەتی کارکردنی بانکی ناوەندی و کۆمپانیانی سۆمۆ راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، پسپۆڕانی ئابووری دەڵین: پێوستە هەولێر ئاگاداری وردەکاری کاری کۆمپانیای سۆمۆ بێت و لە بانکی ناوەندیش نوێنەری هەبێت، لە بارەی بانکی ناوەندی پسپۆڕانی ئابووری دەشڵین: دوایەمین بڕیاری ئەو بانکە لەبەرامبەر دابەزینی بەهای دینار، زیانه‌ زۆرەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بووە.

H.B