"ئەفسەرێک و دوو عەریف لە تەقینەوەیەکدا لە داقووق کوژران"

بۆمب بە هەمەرێکی لیوای 45ـدا تەقیوەتەوە
وێنەیەکی ئەرشیڤیی تەقینەوەیەک لە عێراق، وێنە: AFP 2020 / Ahmad al-Rubaye
وێنەیەکی ئەرشیڤیی تەقینەوەیەک لە عێراق، وێنە: AFP 2020 / Ahmad al-Rubaye

K24 - هەولێر

لە تەقینەوەیەکدا لە سنووری داقووق، رۆژی هەینی ئەفسەرێک و دوو عەریفی سوپای عێراق کوژران.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە داقووق، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشووری كه‌ركووك، ئەفسەرێک و دوو عەریفی سوپای عێراق کوژران، یەکێکی دیکەش برینداربوو.

بەپێی میدیا عێراقییەکان، کوژراوەکان پێکهاتوون لە: نیهاد فەلاح حەسەن، ئەفسەر، هەروەها هەریەک لە مورتەزا جەبار و سەفا کازم، کە هەردووکیان عەریفن.

تەقینەوەکە لەڕێگی چاندنی بۆمبێکەوە بووە، کە هەمەڕێکی سەر بە لیوای 45ـی کردبووە ئامانج لەنێوان گوندی خاشا و قەهارەی باکووری داقووق.

ئەم تەقینەوەیە لەکاتێکدایە، بەیانیی دوێنێ (هەینی، 1-1-2021)، عێراق رایگەیاند هێزی ئەمنیی زۆر لە بەغدا بڵاوەی پێکراوە.

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان گوتی "ئەو بڵاوبوونەوە سەربازییە لە بەغدا بۆ خۆپاراستن و هۆشیارییە، بەتایبەتی لەسەرەتای ساڵی نوێدا".

بەگشتی رەوشی ئەمنی لە بەغدای پایتەخت لە هەینیی رابردووەوە ئاڵۆز بووە، دوای ئەوەی گرووپی عەسایب ئەهل حەق هەڕەشەیان لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران کرد بەهۆی دەستگیرکردنی یەکێک لە سەرکردەکانیان، بەڵام کازمی رایگەیاند، ئاسایشی وڵات ئەمانەتە و سەرکێشیی پێوە ناکات.
 

هـ.ر.