پێنتاگۆن "له ترسا" كه‌شتییه‌كی فڕۆكه‌هه‌ڵگری گێڕایه‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا
K24 - مینیسۆتا - ئه‌مه‌ریكا:
كریستۆفه‌ر میلله‌ر وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا به‌وه‌كاله‌ت بڕیاریدا كه كه‌شتی فرۆكه‌هه‌ڵگری (ی‌و ئێس ئێس نیمیتز) له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه بگه‌ڕێنێته‌وه بنكه‌ی سه‌ره‌كی له ئه‌مه‌ریكا.
ئامانجی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی پێنتاگۆن بۆ ئه‌وه‌یه، له‌مكاته‌دا ئاڵۆزییه‌كان له ناوچه‌ی كه‌نداو كه‌مكاته‌وه، ئه‌گه‌رچی ئێرانیش به جیهانی راگه‌یاندووه كه ئاره‌زووی ئه‌وه ناكه‌ن له یه‌كه‌مین ساڵیادی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی قودس، شه‌ڕ هه‌ڵگیرسێنن به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام بۆ هه‌موو به‌رگرییه‌ك ئاماده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا واشنتن ترسی له گرووپه ملیشیاییه‌كانی عێراق نه‌شاردووه‌ته‌وه و هۆشداری له هێرشكردنه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا ده‌ده‌ن.
قاسم سوله‌یمانی به‌هۆی بۆردومانێكی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مریكا به بڕیاری سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ له رۆژی 3ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2020 له‌گه‌ڵ پێنج كه‌سی دیكه‌دا، كوژران. یه‌كێك له‌و كه‌سانه ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی عێراقی بوو، كه نزیكه له ئێران.
به‌پێی قسه‌ی لێپرسراوانی ئێران، تا ئێستا نه‌توانراوه شوێنی سوله‌یمانی پڕبكرێته‌وه و ئیداره‌ی تره‌مپ-یش پێیوایه سوله‌یمانی یه‌كێك بووه له بێبه‌زه‌یی ترین كه‌سه‌كانی ئێران و به‌رپرسه له كوشتنی سه‌دان ئه‌مه‌ریكی و كه‌سی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان. وێڕای ئه‌وه‌ی به‌به‌رده‌وامی چه‌ندین ساڵه ده‌ستوه‌رده‌داته كاروباری عێراق، سووریا، لوبنان و یه‌مه‌ن.
به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس بڕیاره‌كه‌ی پێنتاگۆن دوای رۆژێك له گه‌شتی راسته‌وخۆی فڕۆكه‌ی زه‌به‌لاحی جه‌نگی بی-52 دێت بۆ ناوچه‌ی كه‌نداو. له‌كاتێكدا بۆ پیشاندانی هێزی ئه‌مه‌ریكاش، فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێن ئامانج ته‌نیا ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئێرانه له ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر هێزه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا. بۆیه وا نیشاندرا كه كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگری ی‌و ئێس ئێس نیمیتز له رۆخی كه‌ناره‌كانی خۆرئاوایی ئه‌مه‌ریكاوه ره‌وانه‌ی كه‌نداو بكرێت كه له‌وه ده‌چوو ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه بێت كه وا پێویست بكات بۆ خستنه‌ڕووی هێز له‌به‌رامبه‌ر په‌رچه‌كرداری ئێران.
ئه‌م بڕیاره له دوو رۆژی رابردوودا بووه هۆی دابه‌شبوونێكی ناوخۆیی له دامه‌زراوه‌كانی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا كه ئێرانی زیاتر په‌لكێشكردووه بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتری لێدانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له كۆتا رۆژانی ئیداره‌ی ترمپ.
به‌پێی ئه‌سۆشیتید پرێس، له‌كاتی راگه‌یاندنی بڕیاری گێڕانه‌وه‌ی كه‌شتی فرۆكه‌هه‌ڵگری (ی‌و ئێس ئێس نیمیتز) له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه بۆ بنكه‌ی سه‌ره‌كی له ئه‌مه‌ریكا، میلله‌ر هیچ ئاماژه‌یه‌كی به ترسی ئێران نه‌دا.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام بووه له ناردنی كه‌شتییه فڕۆكه‌هه‌ڵگره‌كانی بۆ ناوچه‌ی كه‌نداو و له‌دوای جێگیركردنی كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگری ی‌و ئێس ئێس ئه‌براهه‌م لینكۆڵن له ئایاری 2019 له چوارچێوه‌ی ئه‌و ترسانه‌ی كه ئێران دروستیكرد له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌ی كه‌نداو، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكا فڕۆكه‌ی تری ناردنه ناوچه‌كه و ده‌ستیكرد به نوێكردنه‌وه و كردنه‌وه‌ی چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازی له عه‌ره‌بستانی سعودیه.
به‌پێی هه‌واڵێكی سی ئێن ئێن به‌هۆی گرژییه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا كه چاوه‌ڕوانی ئه‌گه‌ری شه‌ڕێكی فراوانی لێده‌كرێت. ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵده‌دات په‌رچه‌كدارێكی هێمنی هه‌بێت به‌رامبه‌ر هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی توندوتیژی كه ئێران بیگرێته‌به‌ر.
زیادبوونی رێوشوێنه ستراتیژییه‌كانی هه‌ردوولا به‌هۆی گوڕانكاریی له واشنتۆن له ئیداره‌ی تره‌مپ-ه‌وه بۆ ئیداره‌ی بایدن كه ده‌شێت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران جیاواز بێت. وایكردووه كه هه‌ردوولا سڵ له شه‌ڕ بكه‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها به‌پێی سی ئێن ئێن، هه‌ندێك له به‌رپرسانی پێنتاگۆن پێیانوایه گرژییه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران به‌و پله‌یه نییه، به‌ڵكو له‌لایه‌ن تره‌مپ-ه‌وه گه‌وره‌كراوه.
كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگری (ی‌و ئێس ئێس نیمیتز) كه درێژییه‌كه‌ی 333مه‌تره و پانییه‌كه‌ی 77 مه‌تره، توانای هه‌ڵگرتنی 90 فڕۆكه‌ی جه‌نگی و تیمێكی 5680 كه‌سی هه‌یه. كێشی كه‌شتییه‌كه 97هه‌زار تۆن-ه، دوو بزوێنه‌ری ئه‌تۆمی هه‌یه كه وایكردووه به خێرایی 56 كیلۆمه‌تره له كاتژمێرێكدا، بڕوات.