ترەمپ لە یەک رۆژدا دوو گورزی گەورەی لێدرا

ترەمپ لە یەک رۆژدا دوو گورزی گەورەی لێدرا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، وێنە: ANDREW CABALLERO-REYNOLDS / AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، وێنە: ANDREW CABALLERO-REYNOLDS / AFP

K24 - هەولێر

کۆنگرێسی ئەمەریکا رۆژی هەینی بە زۆرینەی دەنگ لەدژی ڤیتۆکردنەکەی ترەمپ لەدژی پەسەندکردنی بودجەی بەرگری وەستایەوە.

لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا، سەرەڕای ناڕازیبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەنجوومەنی پیران کە زۆرینەیان کۆمارین، بە کۆی 81 دەنگ لەبەرامبەر 13 دەنگ، بودجەی بەرگرییان پەسەند کرد، کە بڕەکەی 740 ملیار دۆلارە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاش کە زۆرینەیان دیموکراتن، دووشەممەی رابردوو بەهەمان شێوە بودجەکەیان پەسەندکردبوو، واتا، پەسەندکردنی بودجەکە بووە بڕیاری کۆتایی، سەرەڕای ڤیتۆی ترەمپ.

ترەمپی کۆماری، شانازی بەوە دەکرد؛ پاڵپشتیی کۆمارییەکانی هەیە لەو بڕیارەی، بەڵام زۆربەی نوێنەرانی کۆمارییەکان، لەگەڵ دیموکراتەکان لەدژی بڕیارەکەی وەستانەوە، ئەمەش بووە گورزێک لە ترەمپ پێش ئەوە وادەی سەرۆکایەتییەکەی لەم مانگەدا کۆتایی بێت.

لەماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتییدا لە کۆشکی سپی، ترەمپ حەوت جار مافی ڤیدیۆی لەدژی ئەو یاسایانە بەکارهێناوە، کە هەردوو ئەنجوومەن پەسەندیان کردووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کۆنگرێس سەرکەوتوو بێت لە دابینکردنی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیتۆی سەرۆک.

ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە، ژمارەی ئەو نوێنەرە کۆمارییانەی دانیان ناوە بە شکستهێنانی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 20ـی نۆڤەمبەر، لەزیادبووندایە، لەکاتێکدا ترەمپ هێشتا سوورە لەسەر قسەکانی و دەڵێ نەدۆڕاوە.

ترەمپ لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا ئاماژەی بەوەدا "سەرکردایەتیی کۆماری، لاواز و ماندووە"، بەڵام میچ ماکۆنێڵ، سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران داوای لە ئەندامانی حیزبەکەی کرد، بەرگری لە بودجەی بەگریی گشتیی 2021 بکەن و رۆژی هەینی پێش دەستپێکی گفتوگۆ لە ئەنجوومەنی پیران گوتی، "ئەوەی داواکراوە، ئەوەیە: دڵنیابینەوە لەوەی ئێمە هێشتا لە گۆڕەپانەکەداین لە رووبەڕووبوونەوەی رکابەرەکانمان وەک رووسیا و چین". هەروەها گوتی "ئەمە هەلێکە بۆ ئەوەی بە بیری سەربازەکانمان و خێزانەکانیان بهێنینەوە، ئێمە پاڵپشتییان دەکەین".

دوای گفتوگۆی زۆر لەبارەیەوە، مووچەی گرووپەکانی بەرگری بەڕێژەی 30٪ زیادکرا.

بەهەمان شێوەی زیاتر لە نیو سەدەی رابردوو، پڕۆژەیاساکە لە مانگی کانوونی یەکەم بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە دیموکراتەکان زۆرینەین، هەروەها ئەنجوومەنی پیران کە زۆرینەیان کۆمارین، پەسەند کرا. بەڵام لە 23ـی کانوونی یەکەم ترەمپ رایگەیاند پەنا دەباتە بەر ڤیتۆکردنی ئەو بڕیارە، ئەمەش ببووە مایەی ناڕەزایی تەنانەت لەنێو کۆمارییەکانیش.

گورزی دووەم

ترەمپ، هەمیشە خۆی بە "شای مامەڵەکردن" ناساندووە، بەڵام رۆژی هەینی گورزێکی دیکەشی بەرکەوت و، شکستیهێنا لە رازیکردنی میچ ماکۆنێڵ لەوەی دەنگدانی لەدژی زیادکردنی یارمەتیی خێزانە ئەمەریکییەکان بۆ دوو هەزار دۆلار  هەڵبووەشێنێتەوە لەجیاتی 600 دۆلار، کە ئێستا پێشکەش دەکرێت لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییە ئابوورییەکانی پەتای کۆرۆنا، هەرچەندە ئەو پێشنیازەی، لەلایەن دیموکراتییەکانەوە قبوڵ کراوبوو.

ماکۆنێل دژی ئەو زیادکردنە وەستایەوە و گوتی ئەو یارمەتییە دەبێتە هۆی ئەوەی هەزاران دۆلار بدرێتە ئەوانەی لەراستیدا پێویستییان بە یارمەتیی نییە "رێگریش دەکات لە دابینکردنی یارمەتی بۆ ئەوانەی بەڕاستی پێویستییان بە یارمەتییە".

ترەمپ، راستەوخۆ لەسەر ئەو گورزانە لێدوانی نەدا، بەڵکو قسەی لەسەر ئەو شەڕە یاساییە کرد، کە لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دەستیپێکردووە.

دوێنێ دۆناڵد ترەمپ لە تویتەکانیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، داوای لە لایەنگرانی کرد لە شەشی ئەم مانگەدا لە واشنتن خۆپیشاندان بکەن، چونکە ئەمە ئەو رۆژەیە کە تێیدا کۆنگرێس دۆڕانی ترەمپ بەرامبەر جۆو بایدن، دەچەسپێنێت.

ترەمپ نووسیویەتی "بردنەوەیەکی گەورەمان تۆمارکرد" پەیمانیشی دا بە نیشاندانی "ژمارەیەکی زۆر بەڵگە" لەم کۆبوونەوەیەدا، بەڵام ئەو، کە ماوەیەکی زۆرە پەیمان دەدات "ئەو بەڵگە زۆرانە" نیشانبدات، تائێستا بڵاوینەکردوونەتەوە و لە زۆربەی دادگاکانیشدا تانەکانی لەدژی جۆو بایدن بەهۆی نەبوونی بەڵگە رەتکراونەتەوە.

 

سەرچاوە: AFP