بۆمبێك لە سنووری سەیدسادق لەژێر ئاڵای داعش تەقییەوە

"دوو كارمەندی ھێزە ئەمنییەكان برینداربوون"
دیمەنێكی شوێنی رووداوەكە
دیمەنێكی شوێنی رووداوەكە

K24 – ھەڵەبجە

ئاڵایەکی داعش لەسەر گردێکی گوندی بەردەڕەشی نزیک سەیدسادق هەڵکراوە، دوای ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ خەڵکی گوندەکە هێزەکانی ئاسایشیان لێ ئاگادارکردەوە، ئەو هێزانە بەدەمیانەوە چوون، کاتێکیش کارمەندێکی ئاسایش ویستوویەتی ئاڵاکەی داعش لە ریشەوە دەربهێنێت، بۆمبێکی چێنراو لەژێر ئاڵاکەوە تەقیوەتەوە.

ئەڤین عەتا، پەیامنێری كردستان24 لەو گوندەوە رایگەیاند؛ ئاڵاکە مەترێک بە مەتر و 60 سانتیم بووە، لەڕێگەی بۆریەکی پلاستیک لەسەر بەرزاییەکی گوندەکە هەڵکراوە، ئاڵاکە لەسەر رێگای سەیدسادق – پێنجوێنەوە کە بەنزیک گوندەکەدا تێپەڕدەبێت، بینراوە.

کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ (شەممە، 2-1-2021) چەند گەنجێک لە نزیک گوندی بەردەڕەش ئاڵاکەیان بینیوە، بەڵام لێی نزیک نەبوونەتەوە و ئاسایشیان لێ ئاگادارکردووەتەوە.

یەکێک لەو گەنجانە قسەی بۆ کوردستان24 کرد و گوتی "نەوەک هەر ئێمە، بەڵکو هەرکەسێک بەو رێگایەدا رۆیشتبا، دەیبینی. ئێمە کە چووین و نزیک بووینەوە لە ئاڵاکە، پێمان وابوو دەستێکی لەپشتە، بۆیە پەیوەندیمان بە هێزەکانی ئاسایش و کەناڵەکانی راگەیاندن کرد، تاوەکو بەدەم بابەتەکەوە بێن".

کاتێک هێزەکانی ئاسایش چوون، بۆمبێک پێیاندا تەقیوەتەوە کە لەژێر ئاڵاکە چێنراوە. پەیامنێری کوردستان24 دەڵێ "کارمەندێکی ئاسایش ئەوەی کە ویستوویەتی ئاڵاکە لەریشەوە دەربهێنێت، بەسەختی بریندار بووە، یەکێکی دیکەش کە لەنزیکییەوە بوو بە سووکی بریندارە".

شاهێدحاڵەکە باس لەوە دەکات، ئەوان تائێستا هیچ حاڵەتێکی وایان نەبینیوە مایەی گومان بێت، "تەنیا ئەم بەیانییە ئەم ئاڵایەمان بینی و پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کرد".

گوندەکە بەهۆی ئەوەی قەرەباڵغە و بەگوتەی شاهێدحاڵەکە رۆژانە خەڵکێکی زۆر بەو رێگایە هاتووچۆ دەکەن، بۆیە "رەنگە شەوی رابردوو ئاڵاکە بەدزییەوە هەڵکرابێت".

تیمەکەی ئاسایش، بۆمبێکی دیکەیان لەو شوێنە دۆزیوەتەوە و ئێستا خەریکی پووچەڵکردنەوەین.

هـ.ر.