مەسرور بارزانی: ھێرشکردنە سەر گەشتیاران بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەم

"هەرکەس و لایەنێك هەوڵی شێواندن و ناشرینکردنی كولتووری کۆمەڵگەکەمان بدات، رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر"
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێرش و په‌لاماره‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی سه‌ر گه‌شتیارانی به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق شه‌رمه‌زار كرد و دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌و ره‌فتارانه‌ له‌ هه‌موو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان دووره‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

بە داخێکی زۆرەوە لەم رۆژانەی دواییدا، چەند رووداوێکی نەخوازرا و دوور لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان روویاندا و چەند کەسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ، هێرشیان کردە سەر گەشتیارانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. ئەم دەستدرێژیانە بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم، کە دوورن لە بەها و رەوشتە بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمان.

هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا و تا ئێستاش، پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ملیۆنان ئاوارە و پەنابەری پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و هەمیشە بێ جیاوازی، دەرگای کراوە بووە بۆ میوانداری و لەباوەشگرتنیان، هەروەها بەردەوامیش سەدان هەزار گەشتییار، روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەڕێز و خۆشەویستییەوە پێشوازیان لێکراوە. بۆیە رووداوەکانی ئەم دواییە، نامۆن بە رەوشت و کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی کوردستان. هەرکەس و لایەنێکیش هەوڵی شێواندن و ناشرینکردنی ئەم کولتوورە بەرزەی کۆمەڵگەکەمان بدات، رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/1/2

H.B