داھاتی نەوتی عێراق زیاد دەكات

"لە مانگێكدا داھاتەكەی دەگاتە زیاتر لە 4 ملیار و 203 ملیۆن دۆلار"
نەوت - داھات
نەوت - داھات

K24 - ھەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داھاتی دارایی لە فرۆشی نەوت زیادەی تۆماركردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی نەوتی عێراق، مانگی كانوونی یەكەم كۆی ھەناردە و داھات لە فرۆشی نەوتی خاو زیادەی تۆماركردووە، بەجۆرێك بڕی ھەناردە لە نەوتی خاو گەیشتووەتە زیاتر لە 88 ملیۆن و 201 ھەزار بەرمیل، داھاتەكەی دەگاتە زیاتر لە 4 ملیار و 203 ملیۆن دۆلار.

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە ، كۆتا مانگی ساڵی رابردوو، كۆی بڕی نەوتی ھەناردەكراو لە ناوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 85 ملیۆن و 195 ھەزار بەرمیل، ھەرچی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووكە لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە، بڕی ھەناردەكراو گەیشتووەتە زیاتر لە سێ ملیۆن و 16 ھەزار بەرمیل.

سەبارەت بە تێكڕای بڕی رۆژانە گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 846 ھەزار بەرمیل و تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت بە 47.765 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.