سێ تۆن دەرمانی قاچاغ پێش ئەوەی بگەیەنرێنە هەولێر دەستیان بەسەرداگیرا 

لە ئێرانەوە لەلایەن کەسێک کە پسپۆریی لە دەرماندا نییە، هێنراون 
ئەو دەرمانانە رێگەپێدانی کوالێتیی کۆنترۆڵ و مۆڵەتی هاوردەکردنیان نەبووە
ئەو دەرمانانە رێگەپێدانی کوالێتیی کۆنترۆڵ و مۆڵەتی هاوردەکردنیان نەبووە

K24 - هەولێر

هەر دەرمانێک، یان کەرەستە و ئامێرێکی پزیشکی ئەگەر لە کوالێتیی کۆنترۆڵ مۆڵەتی هاوردەکردنی پێنەدرێت، لە هەرێمی کوردستان بە قاچاغ و نایاسایی لەقەڵەم دەدرێت، لەم چوارچێوەیەشدا سێ تۆن دەرمانی هاوردەکراوی قاچاغ پێش ئەوەی بگەیەنرێنە هەولێر، دەستیان بەسەردا گیرا.

ئەو دەرمانانە کە هیچیان رێگەپێدانی کوالێتیی کۆنترۆڵ و مۆڵەتی هاوردەکردنیان نییە لەلایەن ئاسایشەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ کوالێتیی کۆنترۆڵ دەستیان بەسەردا گیراوە.  

ملازم هاوکار تاهیر، لە هۆبەی بازگەکانی ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەو دەرمانانە لە بازگەی هیران دەستیان بەسەردا گیراوە و بەشێکیشیان لە بازگەی زینەتیر، کە هەوڵیانداوە بە نهێنی بیانهێننە شاری هەولێر، بەڵام تیمەکانمان لە ئاسایشی بازگەکان دەستیان بەسەردا گرتووە".

ملازم هاوکار هەروەها دەڵێ "ئێمە، دڵنیایی دەدەینە تەواوی هاووڵاتییانی شاری هەولێر، لە بازگەکان رێنمایی تەواو دراوە سەبارەت بە دەرمانی قاچاغ و رێگەپێنەدراو، کە خەڵکانێک دەیانەوێت لەڕێگەی قاچاغەوە بیانهێننە هەولێر".

دەرمانەکان لە سندووقی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکدا شاردراونەتەوە، کە بەگوتەی ملازم هاوکار "پسپۆریی لە بواری دەرماندا نییە و مافی ئەوەی نییە هەڵسوکەوت بەو دەرمانانە بکات".

لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا لەگەڵ ئەو کەسە، دانی بەوەدا ناوە دەرمانەکانی لە ئێرانەوە هێناوەتە رانیە و بەنیازبووە لەوێوە بیهێنێتە شاری هەولێر.

دکتۆر گۆڤەند رەوەند، لە بەشی کۆنترۆڵی کوالێتیی دەرمان سەبارەت بە جۆری دەرمانەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەمانە چەند جۆرە دەرمانێکن، کە هەندێکیان دەرمانی هەستیاریشن، لەلایەن ئەوانەوە بەکاردێن کە نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەیە، هەروەها جۆرە دەرمانی دیکەیان تێدایە کە بۆ نەخۆشییەکانی سەرما بەکاردێن".

بەڕێوەبەرایەتى کۆنترۆڵکردنى هێنان و دروستکردنى دەرمان و ئامێر و پێداویستی پزیشکی لە کوردستان (KMC) بەرپرسە لە هێنانەژووەرەوەی هەموو جۆرە دەرمانێک، پێداویستی و کەلوپەلی پزیشکی و ئامێری پزیشکی، دکتۆر گۆڤەند باس لەوە دەکات "هەر دەرمانێک یان پێداویستی و ئامێرێکی پزیشکی، ئەگەر لەڕێگەی کوالێتیی کۆنترۆڵەوە داخڵ نەبێت، بەنایاسایی هەژماردەکرێت و بە قاچاغ لەقەڵەم دەدرێت".
 

هـ.ر.