هەزاران کەس لە یەکەم ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس خۆپیشاندان دەکەن  

یەکەم ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس
وێنەی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە یەکەم ساڵیادی کوشتنیان لە بەغدا بەرزکراونەتەوە، وێنە: AHMAD AL-RUBAYE / AFP
وێنەی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە یەکەم ساڵیادی کوشتنیان لە بەغدا بەرزکراونەتەوە، وێنە: AHMAD AL-RUBAYE / AFP

K24 - هەولێر

لە یەکەم ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، ئەمڕۆ هەزاران کەس لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدای پایتەخت دەستیان بە خۆپیشاندان کرد لەدژی ئەمەریکا.

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری دەستەی حەشدی شەعبی، کاتژمێر 01:00ـی بەرەبەیانیی 3-1-2020 لەسەر شەقامی سەرەکیی فڕۆکەخانەی بەغدا بوونە ئامانجی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر رەزامەندیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بوو. 

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەغدا رایگەیاند "ئەو کەسانەی ئێستا وا پەیتا پەیتا روودەکەنە گۆڕەپانی تەحریر، هەر ئەمان بوون لە کاتژمێر 09:00ـی شەوی رابردوو تاوەکو 04:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە شەقامی سەرەکیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا گردبوونەوە".

"شەقامی شەهید ئەبو مەهدی موهەندیس"

شەوی رابردوو ئەوانەی لە گردبوونەوەکەی شەقامی سەرەکیی فڕۆکەخان بەشداربوون، ناوەکەیان گۆڕی و کردیانە "شەقامی شەهید ئەبو مەهدی موهەندیس".

لە گردبوونەوەکەدا جگە لە چەکدار و لایەنگرانی حەشدی شەعبی، چەندین سەرکردەی حەشدی شەعبی، پەرلەمانتارانی شیعەمەزهەب ئامادەبوون و ناڕەزاییان دەربڕی و درووشمیان دژی ئەمەریکا گوتەوە.

لیژنەی هەماهەنگی، لەسەر داوای دەستەی گشتیی حەشدی شەعبی پەیامی بە هەموو لایەک بڵاوکردووەتەوە کە پێویستە لایەنگرانیان و شیعەمەزهەبەکان بچنە گۆڕەپانی تەحریر.

ئەوەی لە خۆپیشاندانەکە جێگەی سەرنجە بەگوتەی پەیامنێرەکەمان ئەوەیە: "جیاوازیی خۆپیشاندانەکەیە لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانانەی بەدرێژایی ساڵێک زیاترە لەدژی گەندەڵی و بۆ رووخانی سیستەمی حوکمڕانی بەڕێوەدەچن، چونکە ئەم خۆپیشاندانە زۆر رێکخراوە و سەرجەم دەروازەکانی گۆڕەپانی تەحریر کۆنترۆڵ کراون، بەو پێیەی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ریکخراوە و خەڵک بۆی هەیە تەنیا بە پیادە بێتە نێو شەقامەکە".

ناوچەی سەوزی بەغدا، کە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان و نوێنەر و باڵیۆزخانەی وڵاتانی لێیە، لەڕووی ئەمنییەوە تووند کراوە و دەروازەکانی داخراون.

بڕیارە گردبوونەوەی ناڕەزاییەکەی گۆڕەپانی تەحریر، لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانییەوە بۆ 02:00ـی دوانیوەڕۆ بەردەوام بێت، بەشداربووان ئاگادارکراونەتەوە لەوەی تەنیا ئاڵای عێراق بەرزبکەنەوە، بەڵام لە خۆپیشاندانەکەدا ئاڵای گرووپەکانی حەشدی شەعبیش بەرزکراونەتەوە.

پەیامنێری کوردستان24 هەروەها دەڵێ "لێرەدا چەندین نووسراو و درووشم بەسەر خۆپیشاندەران دابەشدەکرێن، کە لەدژی ئەمەریکا و بوونی هێزەکانی ئەمەریکان لە عێراق".

ئەوانەی بەشدارن تەنیا خەڵکی بەغدا نین، بەڵکو لەسەر حیسابی حەشدی شەعبی لە شار و پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بە پاس و ئۆتۆبەس، خەڵک دەهێنرێنە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا جیاواز لەوەی ئێستا لە پشووی سەری ساڵە، ماوەی چوار رۆژە کارمەندەکانی ناردووەتە دەرەوەی بەغدا، پەیامنێری کوردستان24 باس لەوە دەکات، لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، ئەمڕۆ زیاتر حەزەریان وەرگرتووە و هێزێکی ئەمنیی زۆر بە دەورەی ناوچەی سەوز بەگشی و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەتایبەتی بڵاوەیان پێکراوە".

دوای نزیکەی شەش کاتژمێر لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکە و ئامادەبوونی هەزاران لایەنگری حەشدی شەعبی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی عێراقەوە بۆ گۆڕەپانی تەحریر، بەرە بەرە گۆڕەپانەکە چۆڵ دەبێت و خۆپیشاندانەکە لە کۆتایی نزیکبووەتەوە.