توركیا بۆ پێشڕەویكردنی گرووپە چەكدارەكان تۆپبارانی ناوچەكانی عەین عیسای كرد

ھێزەكانی ھەسەدە رێگرییان لەو پێشڕەوییە كردووە و پێكدادانی توند لە نێوانیاندا روویداوە
تۆپبارانكرندنی گوندەكانی عەین عیسا
تۆپبارانكرندنی گوندەكانی عەین عیسا

K24 – ھەولێر:

سەرچاوەیەكی سەربازی لە ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە)، ئەمڕۆ یەكشەممە، رایگەیاند، تۆپخانەكانی توركیا جارێكی دیكە دەستیانكردەوە بە تۆپبارانكردنی ناوچە گوندنشینەكانی شارۆچكەی عەین عیسا.

سەرچاوەكە بە شەفەق نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ توپخانەكانی توركیا دەستیانكردووەتەوە بە تۆپبارانكردنی گوندەكانی شارۆچكەی عەین عیسا، كە چەند رۆژێك بوو تۆپبارانەكە راوەستابوو و ئارامی باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشابوو.

سەرچاوەكە روونیكردەوە، گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا، ھەوڵ دەدەن پێشڕەوی بكەن لە میحوەری ھەردوو گوندی ھوشان و خالدییە لە ناوچە گوندنشینەكانی باكووری رۆژئاوای شارۆچكەی عەین عیسا و و رێگای ئێم 4، دوای ئەوەی توركیا بە تۆپبارانێكی توند رێگایان بۆ خۆش دەكات.

ئاماژەشیكرد، ھێزەكانی ھەسەدە رێگرییان لەو پێشڕەوییە كردووە و پێكدادانی توند لە نێوانیاندا روویداوە و زیانێكی گەورەی ماددی بەر موڵك و ماڵی ھاووڵاتیان كەوتووە، بەبێ ئەوەی بزانرێت قەبارەی زیانە مرۆڤییەكانی نێوان ھەردوو لا چەندە، ئاماژەشیكرد، تاكو نووسینی ئەم ھەواڵە تۆپبارانەكە بەردەوامە؛ بەڵام بە شێوەیەكی پچڕپچڕ.

لە لایەكی دیكەوە، ئەمڕۆ ھێزەكانی رووسیا یاوەری كاروانە بازرگانی و سیڤیلیەكانیان لە نێوان عەین عیسا و تەل تەمر كرد، دوای ئەوەی میحوەرەكانی ناوچە گوندنشینەكانی عەین عیسا چوار رۆژ ئارامیان بەخۆیەوە بینی.

سەرچاوە: "شەفەق نیوز"