هاوسه‌ره‌كه‌ی كوشت و به‌ده‌م جگه‌ره‌كێشانه‌وه چاوه‌ڕێی هاتنی پۆلیس ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
پێگه‌ی "الیوم السابع"ـی میسری یه‌كه‌م وێنه‌ی مامۆستایه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه، كه به‌هۆی ناكۆكییه‌كی خێزانی له‌سه‌ر په‌تای كۆرۆنا هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی كوشتووه، كه قوربانییه‌كه‌ش مامۆستا بووه و ئه‌و رووداوه كاردانه‌وه‌ی توندی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌دوای خۆیدا هێنا.
له وێنه‌كه‌دا پیاوه بكوژه‌كه دیاره، كه دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه له نزیك ته‌رمی هاوسه‌ره‌كه‌ی وه‌ستاوه و ده‌م به جگه‌ره‌كێشانه‌وه چاوه‌ڕێی هاتنی هێزه‌كانی پۆلیس ده‌كات و هیچ نیشانه‌یه‌كی په‌شیمانبوونه‌وه له‌سه‌ر رووخساری دیار نییه.
ئه‌و پێگه مسرییه له‌سه‌ر زاری ژماره‌یه‌ك شایه‌تحاڵ گواستییه‌وه، كه هاوسه‌ری ئه‌و پیاوه‌یان بینیوه كاتێك له قوتابخانه هاتووه‌ته ده‌ره‌وه و پیاوه‌كه‌ش به‌دوایدا رایكردووه و به‌چه‌ند چه‌قوویه‌ك لێیداوه و هاوسه‌ره‌كه‌ی كوشتووه، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌یان پێدا، دوای ئه‌و تاوانه بكوژه‌كه هه‌وڵی راكردنی نه‌داوه، به‌ڵكو به‌دیار ته‌رمی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه وه‌ستاوه و جگه‌ره‌یه‌كی داگیرساند و چاوه‌ڕێی كرد، تا ئه‌و كاته‌ی هێزه‌كانی پۆلیس گه‌یشتن و ده‌ستگیریان كرد.
وه‌ك له وێنه‌كه‌شدا دیاره، پیاوه بكوژه‌كه ته‌مه‌نی له نێوان 60 بۆ 70 ساڵیدایه و شایه‌تحاڵه‌كانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه پیاوه‌كه به‌ته‌مه‌ن بووه.
وه‌ك ئه‌و پێگه میسرییه رایگه‌یاند، به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كان، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی رێككاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا پیاوه‌كه كاری خۆی وه‌ك مامۆستا له یه‌كێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ده‌ستداوه، ناكۆكییه‌كی خێزانی له نێوان ئه‌و دوو هاوسه‌ره درووستبووه، دوای ئه‌وه‌ی ده‌بێته ده‌مه‌قاڵێیان، پیاوه‌كه ده‌چێته ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی وانه‌ی لێ ده‌ڵێته‌وه و له‌به‌رده‌م ئه‌و قوتابخانه‌یه ده‌یكوژێت.
H.B