یانه‌ی دهۆك له لێواری ته‌قینه‌وه‌یه
یانه‌ی دهۆك ئه‌م وه‌رزه به سه‌ره‌تایه‌كی خراپ پێشوازی له خولی نایابی كوردستان كردووه، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، ئیداره‌ی یانه‌كه له دژی ستافی راهێنه‌ران و یاریزانان هاتوونه‌ته ده‌نگ و 4 یاریزانیان دوورخستووه‌ته‌وه، یاری داهاتووش دوایین ده‌رفه‌ته بۆ چه‌ند یاریزانێك و راهێنه‌ری یانه‌كه.
یانه‌ی دهۆك ئه‌م وه‌رزه له خولی نایابی كوردستان 4 یاری كردووه، 2 یاری دۆڕاندووه و بردنه‌وه‌یه‌ك و به‌رامبه‌ربوونێكی هه‌یه، له دوایین یاریش به ئه‌نجامی 3 ـ 1 به پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی دۆڕا.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه، یانه‌ی دهۆك 4 یاریزانی به‌هۆكاری ئاستخراپی دوورخستووه‌ته‌وه كه پێكهاتوون له (نێچیرڤان شوكری، چیا نازی، عومه‌ر بیبۆ و ئوسامه محه‌مه‌د)، ئه‌گه‌رچی یانه‌ی دهۆك هێشتا به فه‌رمی دوورخرانه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانانه‌ی رانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام ئه‌و یاریزانانه به‌شداریی دوایین مه‌شقه‌كانی یانه‌كه‌یان نه‌كردووه و په‌یوه‌ندییان به یانه‌كه‌وه نه‌ماوه.
كوردستان24 زانیاری ئه‌وه‌شی ده‌ستكه‌وتووه كه ئیداره‌ی یانه‌ی دهۆك دوو یاریزانی دیكه‌شی بۆ دوورخستنه‌وه ده‌ستنیشان كردووه، به‌ڵام هێشتا ئه‌و دوو یاریزانه‌ی به‌فه‌رمی ئاگادارنه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵكو چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن تا یاری داهاتوو، پاشان چاره‌نووسیان دیاری ده‌كه‌ن.
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی دوورخرانه‌وه له‌سه‌ر سلێمان ره‌مه‌زانی راهێنه‌ری یانه‌كه‌ش هه‌یه و یارییه‌كه‌ی رۆژی هه‌ینی داهاتوو به‌رامبه‌ر ده‌ربه‌ندیخان دوایین ده‌رفه‌ته له‌به‌رده‌م ئه‌و راهێنه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی ئیداره‌ی یانه‌كه به‌ده‌ست بێنێته‌وه.