ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد له‌ به‌غدا فراكسیۆنێكی سەربەخۆ پێكدەھێنن

داوا لە پەرلەمانتارانی كورد دەكرێت پێچەوانەی یەكڕیزی و بەرژەوەندییەكانی كورد كار نەكەن
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

پەرلەمانتارانی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ و ئایندە و سەربەخۆكان لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كە (15) پەرلەمانتارن و خۆیان بە (G15) ناساندووە، بە نیازن فراكسیۆنێكی سەربەخۆ پێكبھێنن. ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتیش داوای لێكردن، ئەگەر ھەوڵەكەشیان سەریگرت، ئەوا یەكڕیزی كوردستانییان لە بەغدا بپارێزن، چاودێرێكی سیاسیش ھەوڵەكەی بە كارێكی خراپ زانی.

(15) پەرلەمانتاری كورد، كە خۆیان بە (G15) ناساندووە، خۆیان بۆ درووستكردنی فراكسیۆنێكی سەربەخۆ ئامادەكردووە، ئیتر دەبنە خاوەنی ئەجێندا و پلانی تایبەت بە خۆیان و جیاواز لە بەرنامەی حزبەكانیان. ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی، رێكاری یاسایی پێكھێنانی فراكسیۆنێكی نوێی خسته‌ڕوو، داواشی كرد، ئەگەر ئەم ھەوڵە سەریگرت؛ ئەوا نەبنە ھۆی تێكدانی یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا.

هه‌دار بارزانی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی: "ئه‌گه‌ر چه‌ند په‌رله‌مانتارێك بیانه‌وێت هاوپه‌یمانه‌تییه‌ك، یان فراكسیۆنێك پێكبهێنن، پێویسته‌ به‌ فه‌رمی داوایه‌ك پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكه‌ن، دواتر سه‌رۆكایه‌تی وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌ ده‌داته‌وه‌، به‌ ره‌زامه‌نبوون، یان ره‌تكردنه‌وه‌، هه‌ر چه‌نده‌ تا ئێستا به‌ فه‌رمی شتێكی وا رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر راشیبگه‌یه‌نن، ئه‌وه‌ مافی خۆیانه‌، لێردا هیوادارم یه‌كڕیزی كورد له‌ په‌رله‌مان بپارێزن".

(G15) لە پەرلەمانتارانی (گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ و ئاییندە و سەربەخۆكان) پێكهاتوون، لە ماوەی رابردوودا ھەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان بۆ سەر بەغدا بگوازنەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.

هه‌روه‌ها شێرزاد مامه‌، چاودێری سیاسی گوتی: "ئه‌گه‌ر فراكسیۆنێكی نوێ پێكبهێنرێت، ئه‌وا نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و فراكسیۆنه‌ ده‌كه‌ن، كه‌واته‌ له‌ بازنه‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، پێموایه‌ درووستكردنی فراكسێنێكی له‌م شێوه‌یه‌، هیچ لایه‌نێكی باشه‌ی نییه‌، ئێستا كورد له‌ به‌غدا، باجی نه‌بوونی ئه‌م یه‌كده‌نگییه‌ی ده‌دات‌، لایه‌نه‌ شیعه‌كان و حكومه‌تی عێراقیش ده‌زانن كورد په‌رته‌وازه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و (3) پارێزگایه‌ی زامنی پارستنی ئه‌و قه‌واره‌یه‌، ئێستا ته‌قه‌ی تێكه‌وتووه‌، بۆیه‌ ئه‌وان به‌م شێوازه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ كورد ده‌كه‌ن".

ئەم ھەوڵە لەكاتێكدایە، كە شەڕێكی یاسایی سەخت لە ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی (2021)، چاوەڕێی فراكسیۆنە كوردستانییەكانه‌، دوور نییە ھەر درزێكی نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەرفەتێكی گەورە بخاتە بەردەم لایەنە شیعەكان، بۆ جێبەجێكردنی مەرامەكانیان لەسەر ماف و شایسته‌ داراییەكانی ھەرێمی كوردستان.

د.ی