داعش بەرۆكی ناوچە كوردستانییەكان بەرنادات

بۆشایی ئەمنی ناوچە كوردستانییەكان دەرفەتی بەھێزبوونەوە دەداتە داعش
ھێزی پێشمەرگە
ھێزی پێشمەرگە

K24 – ھەولێر:

جموجۆڵی چەکدارانی داعش جارێكی دیكە لە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری خانەقین بەرەو زیاد بوون دەچێت، بەجۆریک تەنھا لەسێ رۆژی رابردوودا دوو ھێرشیان کردووەتە سەر ھاووڵاتییان. ھەر لە ئەنجامی ئەو ھێرشانەی چەكدارانی داعش ھێزەکانی سوپای عێراق، 10 کوژران و بریندار بوون.

لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا چەکدارانی داعش دوو ھێرشیان کردووەتە سەر ھاووڵاتییان و سوپای عیراق لەسنووری شارۆچكەی خانەقین. بەھۆی ھەردوو ھێرشەکەوە دوو ھاووڵاتی و سەربازێك کوژراون و حەوت سەربازی دیكەی عێراقیش بریندار بوونە.

دلێر شکور، فەرماندەی لیوای 3 پێشمەرگە گوتی: سوپای عێراق ناتوانێت ئاسایشی ناوچەكە دابین بكات و سەر و ماڵی ھاووڵاتییان بپارێزێت.

ئەحمەد مەحمەد، فەرماندەی پێشمەرگە و جێگری مێحوەری گەرمەسێر گوتی: زیادبوونی جموجۆڵی داعش لە ناوچە کوردستانیەکانی دیالە، ئەگەر بنبڕ نەکرێن؛ ئەوە زیاتر گەشە دەکەن و مەترسیان زیاتر دەبێت، ھەر بۆیە ھێزی پێشمەرگە بەوردی چاودێری ھەموو جموجۆڵێكی داعش دەکات.

ساڵی رابردوو لەناوچە کوردستانییەکانی دیالە 110 ھاووڵاتی کورد و کارمەندی ھێزە ئەمنییەکان بەھۆی ھێرشەکانی داعش شەھید کران و دەیانی دیکەش بریندار کران و چەندین ھاووڵاتیش رفێندران. ھەمووکردەوە تیرۆریستییەکانیش لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق ئەنجامدراون.