راوێژكاری بایدن: دانوستان لەسەر بەرنامەی مووشەكی پێش رێككەوتنی ئەتۆمییە

ئیدارەی داھاتوو دەیەوێت ئێران بگەڕێنێتەوە "نێو سندوق"
جەیكوب سولیڤان، راوێژكاری جۆ بایدن، سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نەتەوەی
جەیكوب سولیڤان، راوێژكاری جۆ بایدن، سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نەتەوەی

K24 – ھەولێر:

جەیكوب سولیڤان، راوێژكاری جۆ بایدن، سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نەتەوەیی رایگەیاند، دەبێت بەر لە رێككەوتنی ئەتۆمی؛ دانوستان لەسەر بەرنامەی مووشەكی ئێران بكرێت، بەپێی ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە "سی ئێن ئێن" گواستوویەتیەوە.

سولیڤان گوتبووی: ئیدارەی داھاتوو دەیەوێت ئێران بگەڕێنێتەوە "نێو سندوق" لە میانی گەڕانەوەی بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی و ناچاركردنی تاران بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی رێككەوتنە راستەقینەكە.

پێشتر بایدن راگەیاندبوو، نیازی گەڕانەوەی ھەیە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، لە حاڵەتێكدا ئەگەر لە بەرامبەردا ئێران بەرپرسیارییەتی خۆی بەتەواوی بە پێی رێككەوتنەكە جێبەجێبكات، كە ئیدارەی ترەمپ، یەك لایەنە لە ساڵی 2018 لە رێككەوتنەكە كشایەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپیۆ ھۆشداری دابووە سەرۆكی ھەڵبژێردراو جۆ بایدن لە گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و گوتبووی، دۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە كاتی رێككەوتنەكەوە لە ساڵی 2015 تاكو ئێستا بەتەواوی گۆڕاوە.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فۆكس نیوز، پۆمپیۆ لە 19ی كانوونی یەكەمی رابردوو گوتی: بەبێ ئەوەی تەماشا بكەین كێ دەبێتە سەرۆكی حكومەتی ئەمەریكا لە ساڵی 2021، دەزانێت رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 2021 وەك 2015 نەماوە و رازیكردنی رژێمی ئێرانی تەنھا مەترسیی لێدەكەوێتەوە بۆ سەر گەلی ئەمەریكا.