لە هێرشێکی داعش بۆ سەر پاسێک لە سووریا، نۆ کەس کوژران

روانگەی سووری: حەوت لە کوژراوەکان سەربازی سوپای سووریا بوون
وێنەیەکی ئەرشیڤیی چەکدارانی داعش، وێنەکە لە روانگەی سوورییەوە وەرگیراوە
وێنەیەکی ئەرشیڤیی چەکدارانی داعش، وێنەکە لە روانگەی سوورییەوە وەرگیراوە

K24 - هەولێر

بەلایەنی کەمەوە نۆ کەس، کە حەوتیان سەربازی سوپای سووریان، لە هێرشی سەر پاسێک لە رۆژی یەکشەممەدا کوژران، بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند هێرشەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لەکاتێکدا ئەنجامدراوە، کە ئەو پاسە لە رێگا بووە لە رەققەوە بۆ دیمەشقی پایتەخت. جگە لە کوژرانی نۆ کەسەکە، 16ـی دیکەش بریندار بوون.

رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەی رابردوو، ئەمە دووەم جارە هێرش دەکرێتە سەر پاسێک، کە سەربازانی سووریا دەگوازێتەوە، رەنگە سەرنشینەکانی دیکەی نێو پاسەکە، کەسوکاری سەربازەکان بووبن.

ئاژانسی فەرمیی حکومەتی سووریا (سانا) لەبارەی کوژراوەکان، بەپێچەوانەی روانگەی سووری، دەڵێ "هەموو کوژراوەکان خەڵکی مەدەنین". هەتاوەکو ئێستاش، هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە رانەگەیاندووە.

ئەو هێرشە لەکاتێکدایە مانگی رابردوو 40 سەرباز، لەنێویاندا هەشت ئەفسەری سوپای سووریا هەبوون، لە هێرشێکی چەکداریی چەکدارانی داعش لە دێرەزوور کوژران.

داعش لە مانگی ئازاری 2020ـەوە خاکی سووریای بەدەستەوە نەماوە و شکستیان پێهێنراوە، بەڵام شانەکانی بەردەوامن لە هێرشکردن.
 
لەوەتەی شەڕی ناوخۆیی سووریا لەساڵی 2011 دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا ملیۆنان سووری و کوردانی رۆژئاوای کوردستان ناچاربوون ماڵەکانیان بەرەو ئاوارەیی و پەنابەری بەجێبهێڵن، بەڵام زیاتر لە 387 هەزاریان ئەوەندەش بەختیان نەبووە لە ئاوارەییدا بژین و، لەو شەڕەدا کوژراون.