نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووی بەرزدەبێتەوە

جارێکی دیکە ئاستی 1900 دۆلاری بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەڕاند
زێڕ
زێڕ

K24 - ھەولێر

نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی هەشت هەفتەی رابردووی بەرزبووەوە و جارێکی دیکە ئاستی 1900 دۆلاری بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەڕاند.

نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 1.62% بۆ هەزار 925 دۆلار و 85 سەنت بەرزبووەوە، کە بەرزترین ئاستییەتی لە دوای 9ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، هەروەها لە گرێبەستە داهاتووەکانی بە رێژەی 1.1% بۆ هەزار و 916 دۆلار و 40 سەنت بەرزبووەوە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، نرخی دۆلار لە کەمترین ئاستەکانی دوو ساڵی رابردوویدایە، ئەوەش وایکردووە خواست بۆ ئەو کانزا زەردە زیادبێت.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، رێوشوێنەکان توندتر دەکەن، لە ژاپۆنیش بڕیاری باری لەناکاو لە تۆکیۆی پایتەخت و ناوچەکانی دەوروبەری رابگەیەندرێت.