"دیاردەیەکی نامۆ بە دهۆک".. دزینی وێنەی ئافرەتان و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

پەیجێک لە یەک رۆژدا نزیکەی 130 وێنەی بە پەیامی نەشیاوەوە بڵاوکردووەتەوە
پۆلیس هیوادارە هاووڵاتییان هۆشیار بن و نەبنە هۆی زیاتربوونی کێشەکان
پۆلیس هیوادارە هاووڵاتییان هۆشیار بن و نەبنە هۆی زیاتربوونی کێشەکان

K24 - دهۆک 
 
لە دهۆک، خراپ بەکارهێنانی ئامرازی پەیوەندیکردن کێشەی بۆ چەندین ژن و کچ دروستکردووە بەهۆی چەند پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە رۆژانە وێنەی نەشیاو، یان وێنەی ئاسایی کچ و ژنان بە چەند گوتەیەکی نەشیاوەوە بڵاودەکەنەوە.

چۆن دەستیپێکردووە؟

مەسعود محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک دەڵێ "سەرەتای ئەم کارە، لەڕێگەی پەیجێکەوە بووە کە بەناوی بانگخوازێکی ناسراوی دهۆک دانراوە، ئەو کەسەی پەیجەکەی داناوە، قسەی لەگەڵ کچان و ژنان کردووە و داوای کردووە وێنەی بۆ بنێرن، دواتر لەڕێگەی سناپچاتەوە گوتەی زۆر نەشیاوی لەسەر وێنەکان نووسیوە و بڵاویکردوونەتەوە".

130 وێنە لە یەک رۆژدا

نەوەک تەنیا یەک سناپچات، بەڵکو تائێستا دوو پەیجی سناپچات و یەکێکی ئینستاگرام کە هەمان کاریان کردووە، لەنێوبراون. بەڵام ئێستا سناپچات و ئەکاونتێکی تیکتۆک بە ناوێکی نەشیاو هەن، کە وێنەکان بڵاودەکەنەوە.

کوردستان24 سەیری سناپچاتەکەی کرد، لە ماوەی 22 کاتژمێری رابردوودا 130 سناپی لێ کراوە، کە تەنیا دوو دانەیان وێنە نین، ئەوانەی دیکە زۆربەیان وێنەی کچان و ژنانن، بە جلوبەرگی ئاسایی و هەندێکیشیان وێنەی تایبەتن، لەسەر بەشێکی وێنەکان "پەیامی ئابڕووبەرانەیان لەسەر نووسراوە"، بۆ لێدان لە کەسایەتیی ئەو ژن و کچانە، بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان هەبێت.

ژنەکان چی دەڵێن؟

دوو ژن، قسەیان لەگەڵ پەیامنێری کوردستان24 کردووە سەبارەت بەو بابەتە و بڵاوبوونەوەی وێنەیان لەو پەیجە، یەکێکیان گوتوویەتی "من خۆم نێوانم لەگەڵ هاوسەرەکەم باش نییە، ئەگەر بشزانێ وێنەم لەو پەیجە بڵاوبووەتەوە، یەکسەر تەڵاقم دەدات". ئەوەی دیکەش گوتوویەتی "پیاوەکەم بزانێت، دەمکوژێت".

ئێستا، کێ وێنەکان دەنێرێت؟

ئەو کچ و ژنانەی وێنەیان لەو پەیجە و پەیجەکانی دیکەی هاوشێوە بڵاودەبێتەوە، بەگوتەی پەیامنێری کوردستان24 زۆربەیان خۆیان وێنەکانیان نەناردووە، جاری وا هەیە، کەسێک رقی لە کەسێکی دیکەیە، یان دوو کەس پێشتر خۆشەویستی یەکتر بوون، دواتر لەیەکدی جیابوونەتەوە و کچەکە وینەی لای کوڕەکە هەیە، ئیدی کوڕەکە وێنەکان بۆ ئەو پەیجە دەنێرێت و بە پەیامی نەشیاوەوە بڵاودەکرێتەوە.

پۆلیس: تاوان و کێشەی گەورە بەو هۆیەوە روویانداوە

هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆک لەمبارەیەوە قسەی بۆ کوردستان24 کرد و رایگەیاند "بەداخەوە چەند کەسێک لەم دواییەدا فێربوون بەناوی کەسانی ناودار، مامۆستای ئایینی و راگەیەندکاران پەیج دروستدەکەن، لەم رێگەیەوە وێنە و ڤیدیۆی کچان بەدەستدەهێنن و فشار لەسەر ئەو کەسە دەکەن، ئەگەر پارەیان پێنەدەن، یان کارتی مۆبایلیان بۆ نەنێرن، یان ئەوەی دەیانەوێت لەگەڵیان نەکەن، وێنەکانیان بڵاودەکەنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی روودانی تاوان و کێشەی گەورە".

بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆک باس لەوە دەکات "زۆر ئافرەت هەبوون هاتوونەتە لای پۆلیس بۆ یارمەتی و گوتوویانە ئەگەر یارمەتیم نەدەن، پیاوەکەم لێم جیادەبێتەوە، لێمدەدەن، یان کێشەی گەورەم بۆ دروستدەبێت".

پۆلیس هیوادارە هاووڵاتییان هۆشیار بن و نەبنە هۆی زیاتربوونی کێشەکان. گوتەکانی هێمن سلێمان لەکاتێکدایە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەجۆرێک کاردەکەن، کە گرنگ نییە تۆ ناوەڕۆکی ئەو بابەتەت بەلاوە جوان و بەسوود بێت، بەڵکو ئەگەر بەهەر جۆرێک بڵاویبکەیەوە، نامەی بۆ بنێری یان کۆمێنتێکت لەسەری هەبێت، ئیدی ئەو پەیجە لەلای خەڵکی دیکەش دەردەکەوێت و بینەری زۆر دەبێت.

سزای خراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانی راگەیاندن 

پۆلیسی دهۆک ئێستا خەریکە "لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو تۆمەتبارە دەکات "بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و ئامرازەکانی پەیوەندیکردن.

ئەگەر کەسی دەستگیرکراو، تاوانی خراپ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و ئامرازەکانی پەیوەندیکردنی بەسەردا ساغبووەوە بەگوتەی هێمن سلێمان، "لەڕووی یاساییەوە سزاکەی قورس دەبێت، کە دەگاتە پێنج ساڵ زیندانیکردن و سزای داراییەکەشی دەگاتە 5 ملیۆن دینار".

"ئەو جۆرە کەسانە هەمیشە دەستگیرکراون و شەرمەزار بوون"

هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە کۆتایی گوتەکانیدا هۆشداری دا هەرکەسێک کە بیردەکاتەوە بەمشێوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داهات بەدەستبهێنێت و، گوتی "با لە بیری خۆی دەربهێنێت چونکە ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، لە کۆتاییەکەیدا هەر دەستگیرکراون و شەرمەزار بوون".