مووچەی زیاتر لە 10 ھەزار مووچەخۆری نایاسایی دەبڕدرێت

حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریدا
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - ھەولێر

وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان، مووچەی زیاتر لە (10) هەزار مووچەخۆری نا یاسایی بڕی.

لە فەرمانی وەزاری، وەزارەتی دارایی و ئابووری كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە تێیدا ھاتووە: "پاڵپشت بە یاسای چاكسازی ژمارە (2) ساڵی (2020) و پەیرەوی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بڕیاردرا بەراگرتنی مووچە و خانەنشینی (10609) دە هەزار و شەش سەد و نۆ مووچە خۆر كە لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆماركراوە وەك لە خشتەی خوارەوە هاتووە كە ژمارەیان (21588) بیست و یەك هەزار و پێنج سەد و هەشتا و هەشت دۆسیەیە بە نایاسایی مووچە وەردەگرن".

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشكردووە: "هەر مووچەخۆرێك لەم بڕیارە زەرەرمەندبێت دەتوانی لە ماوەیەكی دیاریكراودا لە رێگەی لایەنی پەیوەندیدار یان فەرمانگەكەی تانە لە بڕیارەكە بدات".

وەزارەتی دارایی روونیكردووەتەوە: "ئەو فەرمانبەرانەی كە لە دوو شوێن فەرمانبەرن ژمارەیان 791 فەرمانبەرە، لە 1639 كەیس مووچە وەردەگرن. ئەو فەرمانبەرانەی كە بەردەوامن لە كار و مووچەی خانەنشینی وەردەگرن بە ھەر ھۆكارێك بێت ژمارەیان 3909 مووچە خۆرن، لە 8147 كەیس مووچە وەردەگرن".

لە خاڵێكی دیكەی فەرمانەكەی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەشكراوە: "ئەو فەرمانبەرانەی كە دووجار خانەنشین كراون ژمارەیان 5909 خانەنشینە لە 11802 كەیسی خانەنشینی مووچە وەردەگرن".

ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاكسازی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە، كە چاكسازی بەشێكی گرنگی كارنامەی ئەم كابینەیە و لە 1/7/2020 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

فەرمانی وەزاری وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان
فەرمانی وەزاری وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان