ئەمەریکا بڕیارێکی پێچەوانە دەکاتەوە؛ کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکەی لە کەنداو دەهێڵێتەوە

"بەهۆی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی سەرکردەکانی ئێران لە ترەمپ و بەرپرسانی ئەمەریکا"
یو ئێس ئێس نیمیتز (CVN-68)، یەکێکە لە گەورەترین کەشتییە جەنگییەکان لە جیهان
یو ئێس ئێس نیمیتز (CVN-68)، یەکێکە لە گەورەترین کەشتییە جەنگییەکان لە جیهان

K24 - هەولێر

ئەمەریکا بڕیارێکی پێچەوانە کردەوە، "بەهۆی بەردەوامیی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئێران"، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز لە ئاوەکانی کەنداو دەهێڵێتەوە.

کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بەوەکالەت دوێنێ لە راگەیەندراوێکدا گوتی "بەهۆی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی سەرکردەکانی ئێران لە سەرۆک ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا، فەرمانم کردووە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس تیمیتز دووبارە جێگیربوونەوەی دوابخات". 

دوێنێ، 3-1-2021 لە یەکەم ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بەرپرسانی ئێران دووبارە پەیمانیان دا تۆڵە لە ئەمەریکا بکەنەوە.
 
ئەم بڕیارەی میلەر، پێچەوانەی بڕیارێکی دیکەیەتی. وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا 31-12-2020 لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندبوو، کریس میلەر فەرمانی کردووە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یوو ئێس ئێس نیمیتز لەدوای نزیکەی 10 مانگ لە دەورییەکانی، راستەوخۆ بگەڕێتەوە ئەمەریکا.
 
لە مانگی تەممووزەوە، نیمیتز بەردەوام لە کەنداو، باکووری دەریای عەرەبی و کەنداوی عومان سوڕاوەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە لە مانگی ئایاری 2019ـەوە، هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا بەردەوام جوڵەیان هەبووە لە ناوچەکە.

کەشتیی یو ئێس ئێس نیمیتز (CVN-68)، یەکێکە لە گەورەترین کەشتییە جەنگییەکان لە جیهان و پێشەنگە لە بواری کەشتی فڕۆکەهەڵگر.

لە ساڵی 2019ـەوە دوو جار ئەمەریکا و ئێران لە لێواری جەنگ گەڕاونەتەوە، بەتایبەتی دوای بەئامانجکردنی قاسم سولەیمانی، لەلایەن ئەمەریکاوە لە بەغدا لە سەرەتای ساڵی رابردوو.