پزیشكان به‌سه‌ركه‌وتوویی كۆرپه‌یه‌ك له‌ ناو سكی منداڵێكی ته‌مه‌ن 7 رۆژی ده‌رده‌هێنن

دوای له‌دایكبوونی پزیشكان تێبینی بوونی ته‌نێكی نامۆیان له‌ناو منداڵدانی منداڵه‌كه‌دا كردووه‌
قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر
قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر

K24- هه‌ولێر:

تیمێكی پزیشكی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی زانكۆیی منداڵان له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی وڵاتی میسر توانییان نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی سه‌ركه‌وتوو بۆ منداڵێكی ته‌مه‌ن 7 رۆژی ئه‌نجام بده‌ن و كۆرپه‌یه‌ك له‌ناوی سكی بهێننه‌ ده‌ره‌وه‌.

به‌گویره‌ی پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "الیوم السابع"ـی میسری، دوای ئه‌وه‌ی پزیشكان تێبینی بوونی ته‌نێكی نامۆیان له‌ ناو سكی كچه‌ منداڵێكی ته‌مه‌ن 7 رۆژی كردووه‌، پشكنینیان بۆ منداڵه‌كه‌ ئه‌نجامداوه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ كۆرپه‌یه‌كی نیمچه‌ پێگه‌یشتوو له‌ناو منداڵدانی منداڵه‌ تازه‌ له‌دایكبووه‌كه‌دا هه‌یه‌.

دواتر تیمه‌ پزیشكییه‌كه‌كه‌ ئه‌ركی نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌و منداڵه‌یان له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌ و توانیویانه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی كۆرپه‌كه‌ له‌ناو سكی بهێننه‌ ده‌ره‌وه‌ و پاشان گواستوویانه‌ته‌وه‌ بۆ یه‌كه‌ی منداڵه‌ تازه‌ له‌دایكبووه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌، دوای دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ چاكبوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی منداڵه‌كه‌یان ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی و هۆكاره‌ بایۆلۆجییه‌كانی درووستبوونی ئه‌و كۆرپه‌یه‌ له‌ناو سكی منداڵه‌ 7 رۆژییه‌كه‌، پزیشكان هیچ ورده‌كارییه‌كیان رانه‌گه‌یاندووه‌.

H.B