ڤیان سهبری: ھیچ فراكسیۆنێك لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پشكی كورد دا نییە
K24- ههولێر:
بەگوێرەی بڕگەی یەکی مادەی 11 لە پڕۆژە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، پێویستە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2004 تا 2020 یەکلایی بکرێتەوە.
لهو بارهیهوه ڤیان سهبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە وردی ئەو بڕگەیە روون دەکاتەوە، کە لە مادەی 11ـدا ھەیە و دەڵێت: ئەگەر پڕۆژە یاساکە بەو شێوەیە پەسەند کرا، لیژنەیەکی تەکنیكی پێکدەھێندرێت، بۆ ئەوەی ھەموو شایستە داراییەکانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق بخەمڵێنێت.
ههورهها سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاشكرایدەكات، ھیچ فراكسیۆنێك لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پشكی كورد دا نییە و مەترسیش لەسەر گۆڕانكاری لە یاساكەدا ھەیە.
لە ماددەی 10 و 11ی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا، سەرجەم شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان له بودجەی وەبەرھێنان و جووتیاران و پێشمەرگە جێگیركراوه، ئێستا پەرلەمانتاران سەرقاڵی دۆزینەوەی دەرچەیەکی سیاسین، بۆ رێككەوتن لەسەر پڕۆژە یاساکە، بهر لهوهی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئهنجام بدرێت.
لە ساڵی 2004 تا ئێستا بەدەر لە یاسا و دەستور، حکومەتی عێراق ھەرجارە و بە بیانوویهك خۆی لە بەشێك لە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بواردووە، ماوەی چەند ساڵێکیشە بە بیانووی جیاجیا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەبڕێت، ئەمە جگە لەوەی شایستەی جووتیاران و وەبەرھێنان و ھێزی پێشمەرگەشی نەداوە، بە گوێرەی ئەو گفتوگۆیانەی تا ئیستا کراون، لیژنەیەکی تەکنیکی لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی بڕی ئەو شایستە دارایيانەی تا ئێستا نەدراوە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بخەمڵێنێدرت و بەپێی یاسا حکومەتی عێراق پابەند بکرێت بە دانەوەیان.
H.B