بڕیار لەسەر نرخی نان و سەمون دەدرێت

قایمقامی ناوەندی ھەولێر: دەمانەوێت رێگەچارەیەكی گونجاو بدۆزینەوە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

قایمقامی ناوەندی ھەولێر لەگەڵ ئەنجومەنی نانەواخانەكان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی بڕیارێكی گونجاو لەبارەی نرخی نان و سەمون بدرێت.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "چەند رۆژێكە نانەواخانەخان باس لەوە دەكەن كە نرخی نان بەرزبكەنەوە، چونكە بەھۆی دابەزینی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار نرخی ئارد و كەرەستەكانی دیكە بەرزبووەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە دەمانەوێت چارەسەرێكی گونجاو بدۆزینەوە، بە جۆرێك نانەواخانەكان و ھاووڵاتییان زەرەرمەند نەبن".

گوتیشی: "زۆربەی كەرەستەكان لە دەرەوە ھاوردە دەكرێن، بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار وایكردووە نرخی ئەو كەرەستانە بەرزبێتەوە، ئێمە لە سەرەتادا گوتومانە ناڵێین نابێ نرخی ھیچ شتێك بەرزبێتەوە، بەڵام رێگە نادەین قورخكاری بكرێت و بەرژەوەندی ھاووڵاتییان و كاسبكاران بپارێزین".

قایمقامی ناوەندی ھەولێر، روونیكردەوە: "ئێستا نانەواخانەكان بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار تووشی گرفت بوونە، چونكە نرخی غازی شل بەرزبووەتەوە، نانەواخانەكان داوایانكردووە كە نرخی نان و سەمون بەرز بكەنەوە، فشاریان كردووە ئەگەر بەوجۆرەبێت نانەواخانەكانیان دادەخەن، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا لەگەڵ ئەنجومەنی نانەواخانەكان بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی و ژمارەیەك بازگانی ئارد، دەمانەوێت رێگەچارەیەكی گونجاو بدۆزینەوە و بەرژەوەندی ھەموو لایەك بپارێزین، چونكە بەرزبوونەوەی نرخەكان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەبووە، بەڵكو بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بووە".

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێش قایمقامیەتی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ نانەواخانەكانی شارەكە كۆبووەوە و بڕیاردرا كە لە بری بەرزكردنەوەی نرخی نان، كێشی و قەبارەی نانەكان كەمبكرێتەوە.