نەوەی نوێی كۆرۆنا گەیشتە ئێران

"ئەو كەسەی تووشبووە لە وڵاتێكی دیكە بووە و گەڕاوەتەوە ئێران"
نەخۆشخانەیەكی ئێران
نەخۆشخانەیەكی ئێران

K24 – ھەولێر

وەزیری تەندروستی ئێران ئاشكرای كرد، یەكەم حاڵەتی نەوەی نوێی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان تۆمار كرا.

سەعید نمەكی، وەزیری تەندروستی ئێران بە میدیای فەرمی وڵاتەكەی راگەیاند، یەكەم حاڵەتی نەوەی نوێی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان تۆمار كرا.

گوتیشی: "ئەو كەسە خەڵكی ئێرانە و لە ئینگلتەرا گەڕاوەتەوە و ئێستا لە نەخۆشخانەیەكی تایبەت لەژێر چاودێری پزیشكیدایە، پشكنین بۆ ئەندامانی خێزانەكەی ئەو كەسانە كراوە و خۆشبەختانە تائێستا كەسی دیكەیان تووش نەبووە".

یەكەم حاڵەتی نەوەی نوێی كۆرۆنا، بۆ یەكەمجار لە مانگی 9ی 2020 لە وڵاتی بەریتانیا تۆمار كرا، دواتر رێژەی تووشبوون لەو وڵاتە زیادیكرد و بۆ چەند وڵاتێكی دیكە گوازرایەوە، چەندین وڵاتیش گەشتە ئاسمانییەكانیان لەگەڵ بەریتانیا راگرت و لەناو خۆی بەریتانیاش قەدەغەی ھاتووچۆ راگەیەندرا.

ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی بەھۆی زۆری ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا و مردن بەو پەتایە كەوتووەتە دۆخێكی نالەبار، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان، تائێستا یەك ملیۆن و 255 ھەزارو 620 كەس تووشی كۆرۆنا بوونە و 55 ھەزارو 748 كەسیش بەو پەتایە لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە.