بەھۆی لێدوانەكانی لە بارەی سولەیمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق راوێژكارەكەی لە كار سڕ دەكات

كازمی داوای كردووە لێكۆڵینەوە لەگەڵ داود بكرێت
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق

K24 – ھەولێر:

سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی، راوێژكارەكەی بۆ كاروباری دانوستانی نیشتیمانی، ھیشام داود لە كارەكەیدا سڕ كرد، دوای لێدوانەكانی لەسەر فەرمانداری پێشووی فەیلەقی قودسی ئێرانی، قاسم سولەیمانی، كە ئەو لێدوانانەی مشتومڕێكی فراوانی لە ناوەندە سیاسییەكانی ھاوپەیمان لەگەڵ ئێران ھێنابوویە كایەوە و بە "خراپەكردنیان" دانا بەرامبەر بە جەنەراڵی ئێرانی و داوای لابردنی ئەو راوێژكارەیان كرد لە كارەكەیدا، چەندین میلیشیاش راگەیاندراوی ھەڕەشەكارییان دەرخست.

داود لە دیدارێكیدا لەگەڵ "بی بی سی" گوتبووی: سلێمانی لەو بڕِوایەدا بوو ئەو رێكخەر نییە لەگەڵ عێراق، بەڵكو خۆی بە بەرپرس دەزانی لە بەشێكی عێراق، لە ئەنجامیشدا ھەر كاتێك ویستبووایە دەھاتە عێراق و دەردەچوو، بنەما گشتییەكانی دەوڵەتی عێراقی لە كارە بەراییەكانی نەبوو.

هیشام داود، راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشتر روونکردنەوەیەکی لەبارەی لێدوانە تەلەڤزیۆنیەكەی دابوو و گوتبووی: "ئەو دیدارە لە چواچێوەی فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری مێژوویی بووە و پێش دوو مانگ بووە، جەختیشیكردەوە لەوەی خۆی پابەندە بە بە پێوەرەكانی دەوڵەتی نیشتیمانی عێراقی و بە پەیامە فەرمییەكانی و ھەر نا حاڵیبوونێكیش لەو بابەتەدا بە ئەنقەست نەبووە.

ھەروەھا گوتی: من وەک کەسێکی ئەکادیمی و توێژەر قسەم کردووە، نەك وەک راوێژکاری سەرۆک وەزیران".

ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسە ھەواڵییە عێراقییەكانی لە ھەندێك سەرچاوەی حكومییان گواستووەتەوە، كازمی فەرمانی سڕكردنی ئەو راوێژكارەی لە كاردا داوە و داوایكردووە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت.

هیشام داود، راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
هیشام داود، راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق