پەیمانگای واشنتن: دەرچوونی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە بەرژەوەندی ئێران نییە، لەبەر ئەم ھۆیانە
K24 – ھەولێر:
دیڤید بۆلۆك، لێكۆڵەر لە پەیمانگای واشنتن رایگەیاند، دەنگدانی پەرلەمانی عێراقی لەسەر دهركردنی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، یاسایی نەبوو، ئاماژەشیكرد بەوەی حەزێكی عێراقی ھەیە بۆ مانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە وڵاتەكەیان، كە ھێشتا ھاریكاری سوپاكەیان دەكەن.
دیڤید بۆلۆك لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "بەپێی راپرسییەكان زۆربەی عێراقییەكان لەگەڵ زۆربەی سیاسیەكانی ئەو وڵاتە حەزدەكەن ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بمێننەوە".
ئاماژەشیكرد، "دەنگدانی پەرلەمانی عێراقی لەسەر دەرخستنی ھێزە بیانییەكان یاسایی و شەرعی نەبوو، چونكە تەنیا نیوەی ژمارەی ئەندامان لە ھۆڵی پەرلەماندا بوون".
بۆلۆك گوتیشی: "ئێمە ئێستا لە بەردەم حكومەتێكی عێراقی نوێ و سەرۆك وەزیرانێكی نوێ داین".
روونیشیكردەوە، "ھیچ بەڵگەیەك نییە، كە ئاماژە بەوە بكات، سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا، جۆ بایدن حەزی لە كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا ھەبێت لە عێراقدا، پێموایە، ئەو دەیەوێت ھێزەكان لەناوچەكە بمێننەوە بۆ بەرگری وھاریكاریكردنی ھاوپەیمانان و دۆستانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا".
بۆلۆك لە قسەكانیدا بەردەوام بوو و گوتی: "قۆناغی داھاتوو ئەگەرێكی باشە لەگەڵ ئێران و ئەمەریكا، بەڵام لەھەمان كاتدا، داواكەی ئێران بەدەرخستنی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، نە لە بەرژەوەندی ئێرانە و نە لە بەرژەوەندی ئەمەریكایە، چونكە شەڕ لەگەڵ داعشدا ھێشتا ماوە، ھەروەھا ھاریكاری ئەمەریكا بۆ ھێزە عێراقییەكان ھێشتا بەردەوامە".
پەرلەمانی عێراقی لەسەرەتای ساڵی رابردوو بڕیارێكی پەسندكرد بۆ پابەندكردنی حكومەت بە كاركردن بۆ نەھێشتنی ھەبوونی ھیچ ھێزێكی بیانی لەسەر خاكی عێراق، ئەم بڕیارەش لە میانی دانشیتنێكی نائاسایی پەرلەماندا ھات بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری ئەو كات، عادل عەبدولمەھدی و بەھۆی ئەو ھێرشەی فڕۆكەكانی ئەمەریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ئەنجامیاندا و بووە ھۆی كوشتنی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبوو مەھدی موھەندیس و فەرمانداری فەیلەقی قودسی ئێرانی، قاسم سولەیمانی.