ئومێد خۆشناو: بە ڤیدیۆ دەیسەلمێنین پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ راست ناکات
K24 – هەولێر:
لەدوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ رایگەیاند هێرشی کراوەتە سەر، لهو بارهیهوه سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند شەڕەکە بەرنامە بۆداڕێژراو نەبووە و لە سیاسەتی فراکسیۆنەکەیان نەبووە، گوتیشی بە ڤیدیۆ دەیسەلمێنین پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ راست ناکات.
لە کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان، دەنگەدەنگ و شەڕ دروست بووە و سیپان ئامێدی، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ رایگەیاند لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتی بە بۆکسخەنجەر هێرشی کراوەتەسەر، بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و دهڵێت "راست ناكات".
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم پەرلەمان رایگەیاند "ئێمە، وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانین، دڵنیایی بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەدەین وەک چۆن لە سەرەتای خول دڵنیاییمان دا، ئێمە رێزێکی زۆرمان بۆ هاوپیشەکانمان لە هێزەکانی ئۆپۆزیسۆن هەیە و پێمان وا نییە ئەوان دوژمنی ئێمەن، ئەوانیش دەبێت پێیان وابێت هێزەکانی دەسەڵات داگیرکەرنین".
بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، هەستی بەوە کردووە، لەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆ و کۆبوونەوەکانی رابردووشدا، هەوڵێک هەبووە بۆ راگرتنی کارەکانی پەرلەمان.
ئومێد خۆشناو جەختی کردەوە لەوەی "ئەو کارەی بووە، بەرنامەبۆداڕێژراو نەبووە و لە سیاسەتی فراکسیۆن نەبووە، چەند کارێک پەرچەکرداری لێ دروست بووە، لە هەفتەی ئاییندەدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکایەتیی فراکسیۆنەکان کۆدەبنەوە و باس لە تەواوی رووداوەکە دەکرێت و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، هیوادارین ئەوانەی لەنێو هۆڵی پەرلەمان بوون، بە ئینسافەوە رووداوەکە ببینن کە چۆن روویدا".
لە کۆتاییشدا رایگەیاند، "پێشتر ئەو پەرلەمانتارە (سیپان ئامێدی) وەک چۆن گوتی پەلاماردراوم و هێرشم کراوەتە سەر و هەڕەشەم لێ کراوە، لیژنەیەکی پەرلەمانیمان دروستکرد و سەلماندی قسەکانی ناڕاستە، ئەوەی ئێستاش دەیسەلمێنین ئەو قسەیە ناڕاستە و بۆکسخەنجەر و شتی وا بهكارنههاتووه. گرتە ڤیدیۆییەکانمان ماون، ئەو کەسەی ئەو قسەیەی کردووە چاکەتەکەی دادەنێت و دەیەوێت پەلامار بدات، بەڵام نەیتوانیوە، خەڵکێکیش بییەوێت پەلاماری یەکێکی دیکە بدات، بەدڵنیاییەوە مستم تێبگری گوڵت تێناگرم".