نانسی پیلۆسی: ترەمپ كەسایەتییەكی مەترسیدارە و دەبێت لە دەسەڵات لابدرێت

پیلۆسی داوایكرد، ترەمپ "ھەر ئێستا لە دەسەڵات لاببرێت"
نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا
نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا

K24 – ھەولێر:

نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، داوای لادانی سەرۆكی ئێستای ئەمه‌ریكا، "دۆناڵد ترەمپ"ی لە دەسەڵات كرد و بە "كەسایەتی زۆر مەترسیدار" وەسفیكرد.

پیلۆسی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان بووە ھۆكاری راپەڕینێكی چەكداری دژ بە ئەمەریكا"، ئاماژەشیكرد، تره‌مپ "رێوشوێنی وێرانكاریی گرتەبەر".

گوتیشی: "سەرۆكی ئەمه‌ریكا، كەسایەتییەكی زۆر مەترسیدارە و دەبێتە ئەم پۆستە نەگرێتە ئەستۆ، ئەم كارە لە كارە بەراییە ھەرە زیاتر بەپەلەكانە".

پیلۆسی داوایكرد، ترەمپ "ھەر ئێستا لە دەسەڵات لاببرێت" بەپێی 25ەمین ھەمواری دەستووری ویلایەتە یەكگرتووەكان، ئاماژەشیكرد، دیموكراتەكان فشار دەكەن لە پێناو لابردنی. جەختیشیكردەوە، لەوەی ئەگەری كاركردن بۆ لێپرسینەوەی ھەیە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران دووپاتیشیكردەوە، كەوا مەزندەی بڕیارێكی بەپەلەی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، مایك پێنس دەكات، سەبارەت بە دەستبەكاربوونی خۆی لەو پۆستەدا بەپێ 25ەمین ھەمواری دەستوور لە پێناو دوورخستنەوەی ترەمپ لە كۆشكی سپی.

پیلۆسی لەبارەی رووداوەكانی چوارشەممە گوتی: ترەمب ھەڕه‌شەیەكی "لەناوبەرە" بۆ ئەمەریكاییەكان و دیموكراتییەت لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا و ئەو كەسانەی ھەڵیانكوتایە سەر بارەگای كۆنگرێس بە "تیرۆریست" وەسفی كردن.