خاوهنی تێسلای دهوڵهمهندترینی جیهانه
K24 – ههولێر:
خاوەنی كۆمپانیای تێسلای تایبەت بە درووستكردنی ئۆتۆمبێل بووە دەوڵەمەندترین كهسایهتی جیھان.
بەگوێرەی سایتی "سی ئێن بی سی" ئەمهریكی، دوای ئەوەی بەھای پشكی كۆمپانیای تێسلا بەرزبووەوە، ئیلۆن ماسك سەرمایەداری ئەمهریكی و خاوەنی كۆمپانیای تێسلا، توانی بە سامانێك كە دەگاتە 195 ملیار دۆلار ، پێش جێف بیزۆس سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای ئامازۆن بكەوێت و نازناوی دەوڵەمەندترین پیاوی جیھان بەدەستبھێنێت.
لە دوایین مامەڵەكانی بۆرسەدا، پشكی كۆمپانیای تێسلا بەڕێژەی 8% بەرزبووەوە و بەو شێوەیەش بەرێژەی %3.4 قازانجی تۆماركرد و سەرەڕای قەیرانی ئابووری و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام توانی لە ماوەی 12 مانگی رابردوو سامانەكەی بەنزیكەی 146 ملیار دۆلار زیادبكات.
جێف بیزۆس سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای ئامازۆن لە 2017 ـەوە تاوەكو ئێستا نازناوی دەوڵەمەندترین پیاوی جیھانی ھەبووە، بەڵام دواجار خاوەنی تێسلا توانی بەپێشی بكەوێت.